نیویۆرک تایمز: پێنتاگۆن پلانی ناردنی هێز بۆ ئێران تاوتوێ دەکات
بەرپرسانی باڵای سەربازیی ئەمریکا سەرقاڵی تاوتوێکردنی پلانێکن بۆ ناردنی یەکەیەکی جەنگیی بژاردە لە فیرقەی 82ـی چەتری و هێزەکانی مارێنز بۆ ناو خاکی ئێران. ئامانجی سەرەکیی ئەم ئۆپەراسیۆنە دەستبەسەرداگرتنی دوورگەی خارگە، کە گەورەترین و گرنگترین ناوەندی هەناردەکردنی نەوتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.
دووشەممە 23ـی ئاداری 2026، رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە زاری بەرپرسانی وەزارەتی جەنگی ئەمریکاوە بڵاوی کردەوە، پێنتاگۆن و فەرماندەیی ناوەندی (سێنتکۆم) لە چوارچێوەی پلاندانانی وردبینانە دا، بژاردەی ناردنی لیوایەکی جەنگیی هێزی وەڵامدانەوەی خێرا لە فیرقەی 82ی ئاسمانیی سوپای ئەمریکا تاوتوێ دەکەن. ئەم هێزە کە لە 3000 سەرباز پێکدێت، توانای ئەوەیان هەیە لە ماوەی کەمتر لە 18 کاتژمێردا لە هەر شوێنێکی جیهان جێگیر بکرێن.
بەپێی راپۆرتەکە، ستراتیژیی ئەمریکا بەم شێوەیە دەبێت: سەرەتا 2500 سەربازی یەکەی 31ی هێزی دەریایی مارێنز کە ئێستا بەرەو ناوچەکە بەڕێکەوتوون، دەچنە ناو دوورگەی خارگ. ئەرکی یەکەمی مارێنز چاککردنەوەی ئەو فڕۆکەخانەیەیە کە بەهۆی بۆردوومانەکانی ئەمریکاوە زیانی بەرکەوتووە، تاوەکوو رێگە بۆ فڕۆکە گەورەکانی جۆری (C-130) خۆش بکەن بۆ گواستنەوەی کەرەستە و هێزی زیاتر.
پسپۆڕانی سەربازی ئاماژە بەوە دەکەن کە هێزی چەترییەکان دەتوانن بە خێرایی و لە ماوەی یەک شەودا بگەنە شوێنەکە، بەڵام چونکە چەکی قورسیان پێ نییە، پێویستیان بە پشتیوانیی مارێنز دەبێت بۆ بەرگری کردن لە ئەگەری هێرشی پێچەوانەی سوپای ئێران.
نیویۆرک تایمز ئاشکراشی کردووە، کە سوپای ئەمریکا لە سەرەتای مانگی ئادارەوە بە شێوەیەکی کتوپڕ بەشداریی 300 ئەفسەری باڵای فەرماندەیی فیرقەی 82ی لە مەشقێکی سەربازی لە ویلایەتی لویزیانا هەڵوەشاندووەتەوە و لە بنکەی فۆرت بڕاگ هێشتوونیەتەوە، تاوەکوو لە حاڵەتی دەرچوونی فەرمانی ترەمپ بۆ دەستپێکردنی هێرشەکە، ئامادەباشی تەواویان هەبێت.
فیرقەی 82ی ئاسمانی پێشتر لە کاتە هەستیارەکاندا ڕەوانەی ناوچەکە کراوە، لەوانە لە کاتی هێرش بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا (2020) و پڕۆسەی کشانەوە لە ئەفغانستان (2021). هەرچەندە تا ئێستا فەرمانی فەرمی بۆ دەستپێکردنی ئەم ئۆپەراسیۆنە دەرنەچووە، بەڵام جێگیرکردنی ئەم هێزانە نیشانەی ئەوەیە کە واشنتن دەیەوێت جومگە ئابوورییە هەرە هەستیارەکانی ئێران بخاتە ژێر کۆنترۆڵی ڕاستەوخۆی خۆیەوە.