ئێران بە مووشەک و درۆن هێرشی سەر ئیسرائیل و ناوچەکە کرد
پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران رایگەیاند، شەپۆلی 78ـەمی ئۆپەراسیۆنی بەڵێنی راستگۆیی، بە هەڵدانی مووشەک و درۆن چەند ناوچەیەکی ئیسرائیل و بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە کرانە ئامانج.
بە گوێرەی راگەیەندراوی سوپای پاسداران، لە هێرشەکەدا شارەکانی ئیلات، دیمۆنا، تەلئەڤیڤ و چەند بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەکە بە مووشەکی عیماد و قەدری کڵاوەی هێشوویی و درۆنی بۆمبڕێژکراو بە ئامانجگیراون.
هەروەها رایگەیاندووە، تاوەکوو ئێستا بەشێکی زۆری یەکەکانی سوپای پاسداران نەهاتوونەتە بەرەی جەنگ، هەر کاتێک پێویست بکات، تەواوی هێزەکانی سوپای پاسداران و بەسیج بەشداری جەنگێکی تەواو دەکەن، ئەمەش دەبێتە مەترسییەک گەورە بۆ ئەمریکا و و ئیسرائیل.
لەلایەن خۆیەوە وەزارتی بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاندووە، ماوەیەکی کەم لەمەوبەر ئەو مووشەکانەی لە ئێرانەوە بەرەو خاکی دەوڵەتی ئیسرائیل هەڵدرابوون، ئاراستەکانیان دەستنیشان کردووە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیان بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکان خستووەتە ئامادەیی تەواو.
هەرەوها فەرماندەیی بەرەی جەنگی ناوخۆی ئیسرائیل بڵاویکردووەتەوە، رێنمایییەکی خۆپارێزی راستەوخۆ بۆ مۆبایلەکانی دانیشتووانی ئەو ناوچانە نێردراوە، کە ئێران مووشەکی ئاراستە کردووە؛ داواشی لە خەڵک کردووە پابەندی رێنماییەکان بن و لەگەڵ لێدانی زەنگی ئاگادارکردنەوە، بچنە حەشارگە و شوێنە پارێزراوەکان، تا کۆتایی هاتنی هێرش و مەترسییەکان لەوێدا بمێننەوە.