ژاپۆن دەست بۆ بەکارهێنانی یەدەگی نەوتەکەی دەبات
ئەمڕۆ سێشەممە، 24ـی ئاداری 2026، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن رایگەیاند، ژاپۆن لە رۆژی پێنجشەممەی داهاتووەوە دەست دەکات بە بەکارهێنانی کۆگانی نەوتی ستراتیژی خۆی.
سەنای تاکایچی سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن، لە پۆستێکدا لەسەر پلاتفۆرمی 'ئێکس' گوتی، بۆ ئەوەی بڕی پێویست لە بەرهەمە نەوتییەکان بۆ هەموو ژاپۆن دەستەبەر بکەین، لە 26ـی ئادارەوە دەست دەکەین بە بەکارهێنانی یەدەگی نیشتمانی.
هەفتەی رابردوو تۆکیۆ ئەم نەوتە یەدەگەی خۆی بەکارهێنا کە لەلایەن کەرتی تایبەتەوە پارێزگاری لێ دەکرا، هەروەها لە 95% پشت بە هاوردەکردنی نەوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبەستێت.
یەدەگی ستراتیجی نەوتی ئەو وڵاتە لە گەورەترین یەدەگەکانی جیهانە و تا مانگی کانوونی دووەم زیاتر لە 400 ملیۆن بەرمیل بووە.
لە 11ی ئاداردا ئەندامانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە رێککەوتن لەسەر بەکارهێنانی کۆگاکانی نەوتی یەدەگ بۆ کەمکردنەوەی ئەو نرخەی کە بەهۆی شەڕی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بەرزبووەتەوە.