جێگرەوەی عەلی لاریجانی دەستنیشانکرا
ئاژانسی هەواڵی تەسنیم بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ سێشەممە، 24ـی ئاداری 2026، محەممەد باقر زولقەدر وەکو سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران دەستنیشانکرا.
مەهدی تەباتەبایی، یاریدەدەری پەیوەندییە گشتییەکانی سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، "محەممەد باقر زوڵقەدر" وەک سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران دەستنیشانکرا.
محەممەد باقر زولقەدر، لەدایکبووی 1955، فەرماندەی خانەنشینکراوی سەربازی ئێرانە لە سوپای پاسداران، ئێستا وەک سکرتێری ئەنجوومەنی بەرژەوەندییەکانی ئێران کاردەکات و هەروەها ئەندامی هەمان ئەنجوومەنە.
پێشتر وەک جێگری سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری بۆ کاروباری ستراتیژی و ئاسایشی کۆمەڵگا و رێگریکردن لە تاوان کاری کردووە. هەروەها لە سەردەمی حکوومەتی مەحمود ئەحمەدی نەژاد وەک بریکاری وەزیری ناوخۆ بۆ کاروباری ئاسایش کاری کردووە.
لە هەفتەی رابردوودا لە 18ـی ئادار، رۆژنامەی وۆل ستریت جۆرناڵ بڵاویکردەوە، عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، لە شوێنێکی نهێنی لەگەڵ بەرپرسانی وڵات کۆبووەتەوە و بەئامانج گیراوە و کوژراوە، ئەمەش تەنیا چەند رۆژێک دوای ئەوە هات کە لەناو ئاپۆڕای خەڵک لەتاران دەرکەوت.