لوبنان باڵیۆزی ئێرانی لە وڵاتەکەی دەرکرد

وەزارەتی دەرەوەی لوبنان باڵیۆزی دەستنیشانکراوی ئێرانی وەک "کەسێکی نەخوازراو" ناساند و فەرمانی پێکرد تاوەکو رێکەوتی 29ی ئاداری 2026 خاکی وڵاتەکەی جێبهێڵێت، هاوکات باڵیۆزی خۆیشی لە تاران بۆ راوێژ بانگکردەوە.

دووشەممە 24ی ئاداری 2026، وەزارەتی دەرەوە و کۆچبەرانی لوبنان، تۆفیق سەمەدی خۆشخۆ، کاربەڕێکەری ئێرانی لە لوبنان بانگهێشت کرد و عەبدولسەتار عیسا، ئەمینداری گشتی وەزارەتەکە، بڕیاری دەوڵەتی لوبنانی پێ راگەیاند سەبارەت بە کشانەوەی رەزامەندی لەسەر متمانەبەخشین بە محەممەد رەزا شیبانی، باڵیۆزی دەستنیشانکراوی ئێران لە بەیروت.

بەگوێرەی بڕیارەکە، لوبنان محەممەد رەزا شیبانی وەک "کەسێکی نەخوازراو" ناساندووە و داوای لێکردووە تاوەکو رۆژی یەکشەممە، رێکەوتی 29ی ئاداری 2026، خاکی لوبنان جێبهێڵێت.

لە هەمان چوارچێوەدا، وەزارەتی دەرەوەی لوبنان، ئەحمەد سوێدان، باڵیۆزی خۆی لە ئێران بۆ راوێژ بانگکردەوە. ئەم هەنگاوەی بەیرووت دوای ئەوە دێت کە حکوومەتی لوبنان تارانی تۆمەتبار کرد بە پێشێلکردنی بنەما و عورفە دیپلۆماسییەکانی نێوان هەردوو وڵات.

لای خۆیەوە، یوسف رەجی، وەزیری دەرەوەی لوبنان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "ئەمڕۆ داوام لە ئەمینداری گشتی وەزارەتی دەرەوە کرد کاربەڕێکەری ئێران بانگهێشت بکات، بۆ ئەوەی بڕیاری کشانەوەی رەزامەندی لەسەر متمانەی باڵیۆزی ئێران پێ رابگەیەنێت و پابەندی بکات کە لە ماوەیەکدا تاوەکو 29ی ئاداری 2026 خاکی لوبنان جێبهێڵێت."