هاوپەیمانیی مەسیحی: پێشمەرگە قەڵغانی پاراستنی هەموو پێکهاتەکانە

لۆگۆی هاوپەیمانیی مەسیحی لە عێراق و هەرێمی کوردستان
لۆگۆی هاوپەیمانیی مەسیحی لە عێراق و هەرێمی کوردستان

هاوپەیمانیی مەسیحی لە عێراق و هەرێمی کوردستان، هێرشە مووشەکییەکانی سەر بارەگاکانی هێزی پێشمەرگەی لە سنووری سۆران سەرکۆنە کرد و داوای دانانی سنوورێک بۆ ئەو پێشێلکارییانە دەکات.

لە راگەیەنراوێکدا ئەمڕۆ سێشەممە، 24ـی ئاداری 2026 هاوپەیمانیی مەسیحی رایگەیاند، بە خەم و پەژارەیەکی قووڵەوە چاودێریی ئەو هێرشە غەدرکارانەیان کرد کە کرایە سەر هێزی پێشمەرگە و بووە هۆی شەهیدبوون و برینداربوونی چەندین پێشمەرگە.

 روونیشی کردەوە، بە توندترین شێوە سەرکۆنەی ئەو دەستدرێژییە دەکەن کە هێزێکی نیشتمانی و دەستووریی کردووەتە ئامانج، هەمیشە قەڵغانێکی پارێزەر بوون بۆ گەلی کوردستان و عێراق.

لە بەشێکی دیکەی بڵاوکراوەکەدا هاوپەیمانییەکە ئاماژەی بەوە کرد، هەولێر رێبازی بێلایەنیی گرتووەتە بەر و هەمیشە هەوڵی داوە پردێک بێت بۆ ئاشتی، بۆیە جێی داخە لەبری پاداشت، گۆڕەپانی ململانێکان بۆ ناوچەیەکی ئارام دەگوازرێنەوە.

 هاوکات هاوپەیمانییەتییەکە ستایشی رۆڵی مێژوویی هێزەکانی پێشمەرگەی کرد، نەک تەنیا لە بەرگریکردن لە خاکی کوردستان، بەڵکوو لە رێزی پێشەوەی پاراستنی کریستیانەکان و پێکهاتەکانی دیکە، هاوتەریب بەشدارێکی یەکلاکەرەوەش بوون لە تێکشکاندنی ئەفسانەی چەکدارانی داعش.

لە کۆتایی بڵاوکراوەکەدا هاوپەیمانیی مەسیحی، پاڵپشتیی خۆی بۆ پەیامی پاپا لیۆنی چواردەهەم، پاپای ڤاتیکان دەربڕی سەبارەت بە راگرتنی شەڕ.

 ئەوەشی خستە روو، داوا لە حکوومەتی فیدراڵی، نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنجوومەنی ئاسایش و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن هەڵوێستی روونیان هەبێت بۆ کۆتاییهێنان بە پەلامارەکانی دەدەرێنە سەر هەرێمی کوردستان و پاراستنی ژیانی خەڵکی مەدەنی.