رووسیا: پەلکێشکردنی جەنگ بۆ دەریای قەزوین هێڵی سوورە
گوتەبێژی کۆشکی کرێملین رایگەیاند، رووسیا دژی هەر جۆرە فراوانبوونێکی ململانێکانی ئێران بەرەو حەوزی دەریای قەزوین. ئەم هۆشدارییەی مۆسکۆ دوای ئەوە دێت کە ئیسرائیل رایگەیاندبوو هێرشی کردووەتە سەر بنکە دەریاییەکانی ئێران لەو ناوچە ستراتیژییەدا.
ئەمڕۆ سێشەممە 24ـی ئاداری 2026، دمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کرێملین)، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی رۆیتەرز نیگەرانیی قووڵی وڵاتەکەی دەربڕی سەبارەت بە ئەگەری گواستنەوەی شەڕ بۆ دەریای قەزوین پیشاندا.
پیسکۆڤ جەختی کردەوە کە هەر هەنگاوێکی لەو شێوەیە لێکەوتەی مەترسیداری دەبێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەفتەی رابردوو سوپای ئیسرائیل ئاشکرای کردبوو زنجیرەیەک هێرشیان کردووەتە سەر هێزی دەریایی ئێران لە دەریای قەزوین و توانیویانە دەیان بەلەمی مووشەکهاوێژ و بنکەی سەربازیی تاران لەوێ تێکبشکێنن.
سەبارەت بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان و دەنگۆی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، گوتەبێژی کریملین ئاماژەی بەوە کرد کە مۆسکۆ بە وردی چاودێری ئەو لێدوانە دژبەیەکانە دەکات کە لە واشنتن و تارانەوە بڵاو دەکرێنەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەکی پشتڕاستکراوەیان لەسەر بەرەوپێشچوونی گفتوگۆکان لەبەردەستدا نییە.
دەریای قەزوین ناوچەیەکی هەستیارە کە رووسیا و ئێران تێیدا هاوسنوورن و بەپێی رێککەوتننامەیەکی هاوبەشی ستراتیژی کە ساڵی رابردوو واژۆیان کردووە، هەردوولا پابەندن بە پاراستنی ئاسایشی ئەو ناوچەیە. چاودێران پێیان وایە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ ئەو ناوچەیە دەکرێت رووسیا ناچار بە کاردانەوە بکات.