پاکستان ئامادەیی خۆی بۆ میوانداریکردنی دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران راگەیاند

سەرۆک وەزیرانی پاکستان رایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەیە وەک نێوەندگیر و میواندار ئاسانکاری بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی ئاشتی لە نێوان واشنتن و تاران بکات، بە مەبەستی گەیشتن بە رێککەوتنێکی گشتگیر و کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێستا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەمڕۆ سێشەممە 24ی ئاداری 2026، شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ئاماژەی بەوە کرد، کە وڵاتەکەی بە تەواوی پشتیوانی لەو هەوڵە دیپلۆماسییانە دەکات کە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئارادان. شەریف جەختی کردەوە کە جێگیربوونی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە و جیهاندا، لە پێشینەی کارەکانیاندایە.

سەرۆکوەزیرانی پاکستان رایگەیاند: "لە ئەگەری هاوڕابوونی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران، پاکستان ئامادەیە و شەرەفمەند دەبێت کە ببێتە میواندار بۆ ئاسانکاریکردن لە ئەنجامدانی گفتوگۆیەکی واتادار و یەکلاکەرەوە، تاوەکوو بگەینە چارەسەرێکی گشتگیر بۆ ئەم ململانێیە."

هاوکات لەگەڵ بڵاو کردنەوەی ئەو پەیامە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، پەیامەکەی سەرۆکوەزیرانی پاکستانی لای خۆ بڵاو کردووەتەوە.

ئەم دەسپێشخەرییەی پاکستان لە کاتێکدایە، کە راپۆرتە میدیاییەکان باس لەوە دەکەن کە وڵاتانی نێوەندگیر لە هەوڵدان بۆ رێکخستنی کۆبوونەوەیەک لە نێوان شاندێکی باڵای ئەمریکا بە سەرۆکایەتی جارد کوشنەر و ستیڤ ویتکۆف، لەگەڵ شاندێکی ئێرانی بە سەرۆکایەتی محەممەد باقر قالیباف لە شاری ئیسلام ئاباد.