بلوومبێرگ: کەشتیی فڕۆکەهەڵگری جێراڵد فۆرد رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی جێهێشت
کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "یو ئێس ئێس جێراڵد فۆرد" دوای رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە کە بووە هۆی برینداربوونی زیاتر لە 200 سەرباز، ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی جێهێشت و گەیشتە کەناراوەکانی دوورگەی کریت. ئەم رووداوە جارێکی دیکە کێشە تەکنیکییە قووڵەکانی گرانبەهاترین کەشتیی جەنگیی واشنتنی هێنایەوە بەرباس.
سێشەممە 24ـی ئاداری 2026، بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی بلوومبێرگ، گەورەترین کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکا بەهۆی کەوتنەوەی ئاگرێکی گەورە لە ناوەکەیدا، ناچار بووە ناوچەی ئۆپەراسیۆنەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێبهێڵێت. لە ئەنجامی ئاگرەکەدا، زیاتر لە 200 دەریاوان و کارمەندی ناو کەشتییەکە تووشی پێکان و کاریگەریی دووکەڵ بوون و بۆ وەرگرتنی چارەسەر رەوانەی بنکە تەندروستییەکان کراون.
بلوومبێرگ ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم رووداوە پەردەی لەسەر کێشە بنەڕەتییەکانی ئەم کەشتییە لادا؛ سەرەڕای ئەوەی دروستکردنی جێراڵد فۆرد بڕی 13.2 ملیار دۆلاری تێچووە و لە ساڵی 2017وە خراوەتە خزمەتەوە، بەڵام هێشتا چەندین کێشەی چارەسەرنەکراوی لە سیستەمە سەرەکییەکاندا هەیە، لەوانە: سیستمی هاویشتنی فڕۆکە، ڕادارەکان و بەرزکەرەوەی چەکە قورسەکان. وەزارەتی جەنگی ئەمریکا دانی بەوەدا ناوە کە تا ئێستا زانیاریی پێویستیان لەبەردەستدا نییە بۆ ئەوەی کارایی و سەرکەوتنی ئەم کەشتییە لە کاتی جەنگێکی راستەقینەدا پشتڕاست بکەنەوە.
لە لایەکی دیکەوە، پسپۆڕانی سەربازی نیگەرانن لەوەی کە ئەم کەشتییە بۆ ماوەی 9 مانگ لە ئەرکێکی بەردەوامدا بووە، کە ئەمەش زۆر زیاترە لە کاتی دیاریکراوی ئاسایی. ئەم درێژکردنەوەیەی ماوەی ئەرکەکەی، بووەتە هۆی دروستبوونی فشارێکی زۆر لەسەر کەرەستە تەکنیکییەکان و شەکەتییەکی زۆریش بۆ تیمی دەریاوانانی ناو کەشتییەکە، کە رەنگە ئەمە یەکێک بێت لە هۆکارەکانی رووداوە چاوەڕواننەکراوەکان.