ئەکسیۆس: ئەمریکا و وڵاتانی نێوەندگیر چاوەڕێی وەڵامی ئێران دەکەن
لە کاتێکدا سەرۆکی ئەمەریکا خوازیاری کۆتاییهێنانە بە جەنگی سێ هەفتەیی دژ بە ئێران، سەرچاوە ئاگادارەکان ئاشکرای دەکەن کە ئەگەری هەیە هەر رۆژی پێنجشەممە گفتوگۆی ئاستی باڵا لە نێوان واشنتن و تاران بەڕێوە بچێت. هاوکات، ئیسرائیل لە ترسی رێککەوتنێکی لاواز کە بەرژەوەندییەکانی تەلئەڤیڤ بپارێزێت، نیگەرانە.
سێشەممە 24ی ئاداری 2026، بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"، حکوومەتی ئەمریکا و وڵاتانی نێوەندگیر پاکستان، میسر و تورکیا لە هەوڵی ئەوەدان لایەنی ئێرانی رازی بکەن بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک لە شاری ئیسلام ئاباد.
هەرچەندە تاران تا ئێستا بە فەرمی نکۆڵی لە دانوستان دەکات، بەڵام بەرپرسانی ئەمریکی دەڵێن پەیامیان بۆ تاران ناردووە و چاوەڕێی وەڵامی کۆتایی موجتەبا خامنەیی یان سەرکردایەتی ئێرانن.
ئەکسیۆس دەشڵێت: واشنتن رێککەوتنێکی 15 خاڵی ئاراستەی تاران کردووە کە تێیدا داوای رادەستکردنی تەواوی یۆرانیۆمی پیتێنراو (450 کیلۆگرام بە رێژەی 60%) و سنووردارکردنی مەودای مووشەکە بالیستییەکان دەکات.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، نیگەرانیی قووڵی خۆی بە ئیدارەی ترەمپ گەیاندووە. سەرچاوە ئیسرائیلییەکان دەڵێن تەلئەڤیڤ دەترسێت ترەمپ لە پێناو ئاشتییەکی خێرا، ئیمتیازی زۆر بە ئێران بدات و دەستی ئیسرائیل ببەستێتەوە لە ئەنجامدانی هێرشی سەربازی لە ئایندەدا. ئیسرائیلییەکان بە گومانەوە لەو لێدوانانەی ترەمپ دەڕوانن کە دەڵێت ئێرانییەکان لەسەر خاڵە سەرەکییەکان رازی بوون و پێیان وایە هێشتا جیاوازییەکی گەورە لە نێوان هەڵوێستی هەردوولادا هەیە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، فەرماندەیی سوپای ئەمریکا فەرمانی بە فیرقەی 82 کردووە کە لیوایەکی پیادەی چەند هەزار سەربازی رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەن. ئەم هەنگاوە مەودای ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی زەمینی بۆ ئەمریکا فراوانتر دەکات.
کارۆلاین لێڤت، سکرتێری رۆژنامەوانی کۆشکی سپی، جەختی کردەوە کە هەرچەندە ترەمپ دەرفەت دەداتە دیپلۆماسی، بەڵام ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستانئاسا" (Epic Fury) بەردەوامە و سوپا لە ئامادەباشی تەواودایە.
راپۆرتەکەی ئەکسیۆس ئاماژە بەوەش دەکات کە ترەمپ تەنیا تا رۆژی هەینی بۆردوومانی وێستگەکانی کارەبای ئێرانی دواخستووە. بەرپرسێکی کۆشکی سپی دۆخەکە بە "ناجێگیر" وەسف دەکات و دەڵێت: "ترەمپ دەیەوێت بزانێت ئایا رێککەوتن دەکرێت یان نا، ئەگەر نەبوو، دەگەڕێینەوە بۆ بۆردوومانکردنیان.