ترەمپ: جەی دی ڤانس و روبیۆ دانوستان لەگەڵ ئێران دەکەن

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، هێزە ئاسمانی و دەریاییەکانی تاران بە تەواوی پەککەوتوون. جەختی کردەوە کە %82ـی سەکۆ مووشەکییەکانی ئێران تێکشکێنراون و ئێستا واشنتن و تاران لە قۆناغی دانوستانی جددی دان بۆ هەڵوەشاندنەوەی یەکجاریی پڕۆژە ئەتۆمییەکەی ئێران، هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد گۆڕانکاریی دەسەڵات لە ناوخۆی ئێراندا بەدیهاتووە و سەرکردایەتییەکی نوێ خەریکی ڕێککەوتنن لەگەڵ تیمی تایبەتی کۆشکی سپی بۆ کۆتاییهاتنی جەنگ.

سێشەممە 24ـی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، رایگەیاند، هێزە چەکدارەکانی ئێران هەموو توانا جەنگییەکانیان لەدەستداوە، ئێران چیتر نە هێزی دەریایی ماوە و نە هێزی ئاسمانی، تەنانەت سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیشیان تێکشکاون. ئێمە ئێستا بە تەواوی بە ئازادی بەسەر ئاسمانی شاری تاراندا دەسووڕێینەوە و هەرچییەک بمانەوێت دەتوانین ئەنجامی بدەین.

ترەمپ ئاشکرای کرد کە ئێران 101 مووشەکی ئاراستەی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "ئەبراهام لینکۆڵن" کردووە، بەڵام سیستەمە بەرگرییەکانی ئەمریکا توانیویانە هەر 101 مووشەکەکە لە ئاسماندا بپێکن و بیخەنە ناو دەریاوە. ترەمپ ئەمەی وەک نیشانەی باڵادەستیی تەکنۆلۆژیای سەربازیی وڵاتەکەی ناوبرد و گوتی: "ئەوان هەوڵی خۆیان دا، بەڵام تاکە یەک مووشەکیان نەگەیشتە ئامانج."

سەبارەت بە لایەنی دیپلۆماسی، ترەمپ پشتڕاستی کردەوە کە ئێوارەی یەکشەممە گفتوگۆی زۆر باش لە نێوان واشنتن و تاران بەڕێوەچووە. ترەمپ گوتی: "ئەوان خۆیان پەیوەندییان کردووە، چونکە بە جددی دەیانەوێت رێککەوتن بکەن. من فەرمانم داوە بۆ ماوەی 5 رۆژ بۆردوومانی وێستگەکانی کارەبا رابگیرێت، تاوەکوو بزانین ئەم گفتوگۆیانە بە کوێ دەگەن.

سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە و جەی دی ڤانس، مارکۆ روبیۆ و جارد کوشنەر، ستیڤ ویتکۆف لە تیمی دانوستاندکار دان و لەگەڵ کەسایەتییەکی باڵا و رێزلێگیراوی ئێرانی قسە دەکەن.

ترەمپ مەرجی سەرەکی بۆ هەر رێککەوتنێک بە "نەهێشتنی تەواوەتی بەرنامەی ناوەکیی ئێران" دانا و گوتی: "ئەگەر ئێمە هێرشمان نەکردایە، تاران لە ماوەی دوو هەفتەدا دەبووە خاوەن چەکی ئەتۆمی. ئێستا ئەوان رازی بوون کە هەرگیز ئەو چەکەیان نەبێت." ترەمپ هیوای خواست ئەم رێککەوتنە ببێتە هۆی ئاشتییەکی درێژخایەن کە ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو وەک سعوودیە و ئیمارات لێی رازی بن.

ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە ئێران بۆ ماوەی 47 ساڵ وەک وڵاتێکی "خراپ و شەڕانگێز" ڕەفتاری کردووە و ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کۆتایی پێ بهێنرێت. سەبارەت بە چارەنووسی موجتەبا خامنەیی، ترەمپ گوتی: "من نامەوێت ئەو بکوژرێت، بەڵام لە راستیدا نازانم هێشتا لە ژیاندا ماوە یان نا، چونکە ئێستا لە ناوخۆی ئێراندا کەس نازانێت کێ فەرماندەیی دەکات و دۆخەکە پڕە لە ئاژاوە."

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، پڕۆسەی "گۆڕانکاریی دەسەڵات" لە تاران بەدیهاتووە. ترەمپ جەختی کردەوە کە ئەو سەرکردانەی ئێستا لە لووتکەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدان، بە تەواوی جیاوازن لەو کەسانەی کە لە دەستپێکی ململانێکاندا هەبوون.

ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە ئەگەرچی زۆرێک دۆخی ئێستا بە "جەنگ" ناودەبەن، بەڵام ئەو وەک ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی زۆر سەرکەوتوو دەبینێت.

رایگەیاند: "ئێمە ئەم جەنگەمان بردووەتەوە، تەنیا میدیا چەواشەکارەکان نەبێت کە دەیانەوێت وا نیشان بدەن وا نییە؛ ئێران نە هێزی دەریایی ماوە و نە هێزی ئاسمانی. سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە دوێنێ ئێران دیارییەکی بە نرخی پێشکەش کردوون کە ئەمڕۆ گەیشتووەتە دەستیان. هەرچەندە وردەکارییەکەی نەدرکاند، بەڵام جەختی کردەوە کە دیارییەکە "پەیوەندی بە وزە، نەوت و گازەوە هەیە" نەک دۆسیەی ئەتۆمی.

ئاماژەی بەوە کرد کە مامەڵە لەگەڵ سەرکردایەتییەکی نوێ و جیاواز دەکەن لە ئێران و گوتی: "ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە ئێمە لەگەڵ کەسانی دروستدا مامەڵە دەکەین.سەبارەت بە کۆتاییهاتنی یەکجاریی جەنگەکە، ترەمپ گوتی: "پێم وایە کۆتایی پێدەهێنین، هەرچەندە ناتوانم بە دڵنیایی سەد لە سەد بیڵێم، بەڵام جەنگەکە تەواو بووە.

ترەمپ ئاشکرای کرد کە دەوڵەتی ئیمارات رووبەڕووی هێرشێکی بەرفراوان بووەتەوە کە تێیدا 1400 مووشەکی ئاراستە کراوە، بەڵام جەختی کردەوە کە سەرجەم مووشەکەکان لە رێگەی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆتی ئەمریکی لە ئاسماندا تێکشێندراون.

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، کە هێزەکانیان سەرکەوتوو بوون لە تێکشکاندنی نزیکەی %82ی سەکۆکانی هەڵدانی مووشەک لەناو خاکی ئێراندا.