وەزیری جەنگی ئەمریکا: ئێمە بە بۆمب دانوستان دەکەین

وەزیری جەنگی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، رایگەیاند کە لە مێژوودا سوپایەکی مۆدێرنی وەک سوپای ئێران بەو خێراییە و بەم قەبارەیە تێکنەشکاوە. جەختی کردەوە کە ستراتیژیی ئیدارەی ترەمپ دانوستانە لە رێگەی بۆمبەوە و ئامانجی کۆتاییش بێبەشکردنی هەمیشەیی ئێرانە لە توانای ناوەکی.

سێشەممە 24ی ئاداری 2026، پێت هەگسێت وەزیری جەنگی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، گوتی: "لە مێژوودا سوپایەکی مۆدێرن نەبووە کە بەم خێراییە مێژووییە لەناو ببرێت. ئێران خاوەنی سوپا، هێزی دەریایی، هێزی ئاسمانی و سیستەمی بەرگریی مۆدێرن بوو، بەڵام هەموویان لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە خاپوور کران."

هەگسێت ڕایگەیاند: "ئێمە بە بۆمب دانوستان دەکەین. تاران لەبەردەم بژاردەیەکدایە، لە کاتێکدا ئێمە بە ئازادی بەسەر ئاسمانیاندا دەسووڕێینەوە، دەبێت بڕیار لەسەر ئایندەی خۆیان بدەن." ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم جەنگە جیاوازە لە ئەزموونەکانی عێراق و ئەفغانستان، چونکە سەرۆک ترەمپ ئامانجێکی زۆر روونی هەیە و لە پێناو ئامانجە ناڕوونەکاندا وڵاتەکەی تووشی جەنگی درێژخایەن ناکات.

وەزیری بەرگری دووپاتی کردەوە، ئەرکی سەرەکیی پێنتاگۆن و سوپای ئەمریکا ئەوەیە کە دڵنیایی بدەن ئێران هەرگیز نەبێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی. گوتیشی: "ئێمە لە ساتەوەختی یەکەمەوە بە توندترین شێوە هێرشمان کردە سەر دوژمن بۆ ئەوەی تێکیان بشکێنین و ئێستاش هەموو بارودۆخێکمان رەخساندووە تاوەکوو ئێران چیتر نەتوانێت هەڕەشەی ئەتۆمی بۆ سەر جیهان دروست بکات."

دوای لێدوانەکانی وەزیری جەنگی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەو وڵاتە کە لە هەمان کۆنگرە قسەیان کرد گوتی: پێم وایە پێت نایەوێت جەنگەکە کۆتایی بێت.