ئێران: هێرشەکانمان بۆ سەر بنکە ستراتیژییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بەردەوامن
گوتەبێژی قەرارگەی خاتەمولئەنبیا، نوێترین راپۆرتی دەربارەی بیست و پێنجەمین رۆژی ئۆپراسیۆنی "بەڵێنی راستەقینەی4" بڵاوکردەوە و رایگەیاند، هێزە چەکدارەکانی ئێران زنجیرەیەک هێرشی بەرفراوانی ئاسمانی و موشەکییان بۆ سەر قوڵایی خاکی ئیسرائیل و بنکەکانی ئەمریکا ئەنجامداوە.
سێشەممە 24ـی ئاداری 2026، بەگوێرەی راپۆرتی قەرارگەی خاتەمولئەنبیا، هێزە بەرگرییەکانی ئاسمانی سوپا و سوپای پاسداران توانیویانە لە چەند کاتژمێری رابردوودا چەندین موشەکی کروزی جۆری "تۆماهۆک" لەگەڵ ژمارەیەک درۆنی هێرشبەر لە ناوچە ناوەندی و باشوورییەکانی ئێران بخەنە خوارەوە.
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا هاتووە، شەوی رابردوو شەپۆلی 78ـی ئۆپراسیۆنەکە بە دروشمی "یا دلیل المتحیرین" و بە بەکارهێنانی موشەکەکانی "عیماد" و "قەدر" و درۆنی خۆکوژ، بنکەکانی ئیسرائیلی لە "ئیلات، دیمۆنا، باکووری تەلئەڤیڤ و چەند بنکەیەکی سەربازی ئەمریکای لە ناوچەکەدا پێکاوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، دەستبەجێ دوای ئەوە، شەپۆلی 79 بە دروشمی "یا خیر الفاتحین" دەستی پێکردووە، لەم قۆناغەدا موشەکەکانی "سەجیل، عیماد و خەیبەرشکن" بەناو سیستمە بەرگرییەکانی ئیسرائیلدا تێپەڕیون و ئەم شوێنانەیان کردووەتە ئامانج:
1- ناوەندە هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل لە ناوەڕاست و باکووری تێل ئەڤیڤ.
2- بنکەکانی پشتیوانی سوپای ئیسرائیل لە "رامات گان" و "نەقب".
3- ناوەندی سەرەکی لۆجستی و بەڕێوەبردنی سەربازی لە باشوور (بئرالسبع).
گوتەبێژی بارەگای خاتەمولئەنبیا رایگەیاند، بەهۆی ئەم هێرشانەوە دووکەڵ و ئاگر لە زۆربەی ناوچە داگیرکراوەکان بەدی دەکرێت و زیاتر لە 2 ملیۆن ئیسرائیلی پەنایان بۆ حەشارگەکان بردووە، هەروەها پێنتاگۆن و دەزگای هەواڵگری سەربازی ئیسرائیل سانسۆرێکی توند دەخەنە سەر هەواڵەکان بۆ شاردنەوەی قەبارەی ئەو زیانانەی بەر بنکە سەربازییەکان کەوتووە.