هێرشێکی درۆنی کرایە سەر پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون لە هەولێر
پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، هێرشێکی درۆنی کراوەتە سەر ناوچەیەکی نیشتەجێبوونی هاوڵاتییان لە شاری هەولێر، بەهۆیەوە زیانی ماددی زۆر و چەند بریندارێکی لێکەوتووەتەوە.
چوارشەممە 25ـی ئاداری 2026، بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، هێرشەکە زیانی زۆری بە شوێنەکە گەیاندووە و ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی هاوڵاتییانیش تێکشکاون.
سەبارەت بە زیانە گیانییەکان پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەکرد، ئاماژە چەند کەسێک بەهۆی هێرشەکەوە بریندار بوون، بەڵام خوشبەختانە هیچ کەسێک گیانی لەدەست نەداوە.
جەختی لەوەشکردەوە، دوای رووداوەکە دەستبەجێ هێزە ئەمنییەکان و تیمەکانی بەرگری شارستانی گەیشتوونەتە شوێنی مەبەست و دەستیان بە لێکۆڵینەوەی ورد کردووە.
هاوکات، هێزە ئەمنییەکان داوایان لە هاوڵاتییان کردووە لە شوێنی کەوتنەخوارەوەی درۆنەکان دووربکەونەوە، تاوەکو تیمە پەیوەندیدارەکان بتوانن بە شێوەیەکی ئاسایی و یاسایی کارەکانیان ئەنجام بدەن و لێکۆڵینەوەکان تەواو بکەن.
لەمبارەوەیە، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر تایبەت بۆ کوردستان24، رایگەیاند، ئەو شوێنەی کراوەتە ئامانج شوێنی نیشتەجێبوونی هاوڵاتیانی سڤیلە و هیچ بنکەیەکی سەربازی لەو شوێنە بوونی نییە.
سەبارەت بە زیانەکان، ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوە کرد، هێرشەکە زیانی ماددی بەر پڕۆژەکە گەیاندووە و بەهۆیەوە چەندین ئۆتۆمبێلی هاوڵاتییانیش تێكچوون و زیانیان بەرکەوتووە.