ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان هێرشەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە تاوتوێ دەکات

ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆبوونەوەیەکی تایبەت سەبارەت بە هێرشە سەربازییەکانی ئەم دواییەی ئێران بۆ سەر وڵاتانی (بەحرەین، ئوردن، کوێت، عومان، قەتەر، سعودیە و ئیمارات) ئەنجام بدات.

چوارشەممە 25ـی ئاداری 2026، ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤ رایگەیاندووە، لەم دانیشتنەدا تاوتوێی ئەو هێرشانەی ئێران دەکرێت کە هاوڵاتیانی مەدەنی و ژێرخانی مەدەنییان کردووەتە ئامانج و بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەک هاوڵاتی بێتاوان لەو وڵاتانەدا، ئاناژە بەوەشکراوە، کۆبوونەوەکە لە هۆڵی ئەنجوومەن لە کۆشکی نەتەوەکان لە شاری جنێف بەڕێوەدەچێت.

ئەم گفتوگۆ بەپەلەیە لەسەر داوایەکی فەرمی وڵاتی بەحرەین، بە نوێنەرایەتی وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداو و ئوردن ئەنجام دەدرێت کە چوارشەممەی رابردوو پێشکەشیان کردبوو. 

لە داواکارییەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەو وڵاتانە بەنیازن پڕۆژە بڕیارێک لە چوارچێوەی ئەم گفتوگۆیەدا پێشکەش بە ئەنجوومەنەکە بکەن.

بە مەبەستی ئەنجامدانی ئەم گفتوگۆیە، بەرنامەی کارەکانی خولی 61ی ئاسایی ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤ گۆڕانکاری تێدا کراوە و ئەمە یازدەهەمین گفتوگۆی بەپەلەی ئەنجوومەنەکەیە لەو کاتەوەی لە ساڵی 2006دا دامەزراوە.