سیناتۆرێکی ئەمریکی: دەنگ لەسەر کۆتاییهێنان بە جەنگ دەدەین

کریس مۆرفی، ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا، جەختی لەسەر بڕیاری ئەنجوومەنەکە کردەوە بۆ دەنگدان لەسەر کۆتاییهێنان بەو جەنگەی دژی ئێران بەرپابووە.

چوارشەممە 25ـی ئاداری 2026، کریس مۆرفی، ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "دەست دەکەین بە پڕۆسەی دەنگدان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ دژی ئێران".

ئەو سیناتۆرە ئەمریکییە هۆشداریشی دا و گوتی: "ئەگەر کۆمارییەکان ئامادە نەبن بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ و دەنگدان لەسەر ئەم جەنگە نایاساییە، ئەوا دیموکراتەکان ئەو کارە ئەنجام دەدەن".

ئەم لێدوانەی کریس مۆرفی، ئەندامی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا، لە کاتێکدایە، دەنگۆکان بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان ئەمریکا و ئێران تاوەکو دێت زیاتر دەبێت، هاوکات کەناڵ12ـی ئیسرائیلیش لە بارەی راگەیاندنی ئاگربەستەوە ئاشکرایکردووە، ئەمریکا رێککەوتننامەیەکی 15 خاڵی تاوتوێ دەکات بۆ ئەوەی لە کاتی دانوستانەکانی ئاگربەست لەگەڵ ئێران گفتوگۆیان لەسەر بکات و بیکات بە هەنگاوی یەکەمی راگرتنی جەنگ و دەستپێکی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.