ترەمپ: تاران رازی بووە دەستبەرداری چەکی ئەتۆمی بێت

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن لەگەڵ کەسانی گونجاو لە ناو ئێراندا خەریکی گفتوگۆیە و باسی لەوەشی کرد، تاران رەزامەندی نیشانداوە دەستبەرداری پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی بێت.

ترەمپ لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: "ئێمە لەگەڵ کەسانی گونجاو قسە دەکەین و ئەوان زۆر بە پەرۆشن بۆ واژۆکردنی رێککەوتنێک"، بەبێ ئەوەی ناسنامەی ئەو کەسانە ئاشکرا بکات گفتوگۆیان لەگەڵ دەکرێت.

سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە، تیمی دانوستانکار پێکهاتووە لە جەی دی ڤانس جێگری سەرۆک، مارکۆ روبیۆ وەزیری دەرەوە، هەروەها هەردوو نێردراوی تایبەت ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر.

ترەمپ بانگەشەی ئەوەی کرد، ئێرانییەکان "رازی بوون کە هەرگیز چەکی ئەتۆمییان نەبێت"، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گوتی: "متمانەم بە هیچ کەسێک نییە" لە ئێران.