سوپای ئیسرائیل: گوێ بە دانوستانەکان نادەین و بەردەوامین لە هێرشەکانمان بۆ سەر ئێران و لوبنان
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند؛ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە ئێران و لوبنان بەگوێرەی پلانێکی جێگیر بەردەوام دەبن، بەبێ رەچاوکردنی ئەو دانوستانانەی کە بە مەبەستی گەیشتن بە رێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لە ئارادان.
ئیڤی دەفرین، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا و لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ گوتی: "سەبارەت بە هەر رێککەوتنێک کە باس دەکرێت، ئێمە ئێستا بەگوێرەی پلانێکی پێشوەختە و جێگیر کار دەکەین."
ناوبراو جەختی کردەوە: "ئێمە جووڵە دەکەین و بەردەوامیش دەبین لە جووڵەکانمان، بۆ قووڵکردنەوەی زیانەکان و لەناوبردنی هەڕەشەکان. ئێمە لە هەردوو وڵاتی ئێران و لوبنان هێرشەکانمان ئەنجام دەدەین."
بەگوێرەی راپۆرتەکانی "کەناڵی 12 و رۆژنامەی یدیعوت ئەحرۆنۆت"، ئیسرائیل نیگەرانییەکی زۆری هەیە لە ئەگەری هاتنە کایەی "رێککەوتنێکی خراپ" لەگەڵ ئێران، کە نەتوانێت چارەسەری کێشەی کۆگای یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران بکات. ئاماژە بەوە کراوە، ئێران خاوەنی زیاتر لە 400 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوە بە رێژەی سەدا 60، ئەم بڕە بەسە بۆ بەرهەمهێنانی 11 بۆمبی ئەتۆمی.
رۆژنامەی "یدیعوت ئەحرۆنۆت" ئاماژەی بەوەش کردووە، ئیسرائیل زۆر بە گومانەوە دەڕوانێتە ئەنجامی دانوستانەکان، بەڵام لەبەر ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکایە، تەلئەڤیڤ هیچ ئەگەرێک بەدوور نازانێت و لە نزیکەوە چاودێری وتووێژەکان دەکات.
سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی ئاشکرای کردووە، ئەمریکییەکان رەشنووسێکی 15 خاڵییان پێشکەشی ئێرانییەکان کردووە. سەرچاوەکە دەڵێت: "ئەم رەشنووسە وەک رێککەوتنی خۆبەدەستەوەدان وایە و زەحمەتە ئێران قبوڵی بکات، چونکە داوای لێکراوە دەستبەرداری هەموو شتێک بێت؛ لەوانە لەناوبردنی یۆرانیۆمی پیتێنراو، وەستاندنی بەرنامەی ئەتۆمی، کۆتاییهێنان بە پەرەپێدانی موشەک و بڕینی هاوکارییە داراییەکان بۆ گرووپە بریکارەکانی لە ناوچەکەدا."