هاتوچۆی هەولێر ئاگادارییەکی بە پەلە ئاراستەی شوفێران دەکات
بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر، بە پشتبەستن بە پێشبینییەکانی کەشناسی، هۆشداری دەداتە شوفێران کە لە دوو رۆژی داهاتوودا بەهۆی شەپۆلێکی بارانبارین و دابەزینی پلەکانی گەرما، هاتوچۆکردن لە ناو شار و دەرەوەی شار سەخت دەبێت.
چوارشەممە، 25ـی ئاداری 2026، بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر، ئاگادارییەکی گرنگی ئاراستەی سەرجەم شوفێرانی سنووری پارێزگای هەولێر کرد، تێیدا جەخت لەسەر گرتنەبەری رێکاری پێویست دەکاتەوە لە بەرانبەر ئەو گۆڕانکارییانەی لە کەشوهەوادا روودەدەن.
بە پێی پێشبینییەکانی کەشناسی، بڕیارە لە رۆژانی پێنجشەممە و هەینی (26 و 27ـی ئاداری 2026)، شەپۆلێکی بارانبارینی سەرتاسەری هەرێمی کوردستان و بەتایبەت سنووری پارێزگای هەولێر (سەنتەری شار و دەوروبەری) بگرێتەوە. ئەم شەپۆلە لەگەڵ خۆیدا دابەزینی بەرچاوی پلەکانی گەرما دەهێنێت.
بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەگەری زۆر هەیە لە هەندێک لە شەقام و گەڕەکەکانی ناو شاری هەولێر ئاستی ئاو بەرز ببێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی ئاستەنگ لەبەردەم هاتوچۆی ئۆتۆمبێلەکاندا.
سەبارەت بە ڕێگاکانی دەرەوەی شار، هاتوچۆی هەولێر رایگەیاندووە، کە بەهۆی نالەباری کەشوهەواوە، لێخوڕین لەو رێگایانەدا سەخت دەبێت، هەر بۆیە داوا لە شوفێران دەکرێت "ئەگەر بۆ کاری زۆر گرنگ و پێویست نەبێت، شەقام و رێگاکان بەکارنەهێنن تا شەپۆلەکە کۆتایی دێت و دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە."
بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر جەختی کردووەتەوە، کە پابەندبوونی هاووڵاتییان بەم رێنماییانە، بۆ دوورکەوتنەوەیە لە هەر ڕووداوێکی نەخوازراو و پاراستنی گیانی گشتییە، هیواشی خواستووە هەمووان بە سەلامەتی ئەم شەپۆلە تێپەڕێنن.