ئەڵمانیا فشار دەخاتە سەر ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ دۆزینەوەی چارەسەری دیپلۆماسی بۆ جەنگی ئێران

ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، ڕایگەیاند وڵاتەکەی بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی، هەوڵەکانی چڕ کردووەتەوە بۆ ئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بەرەو ڕێگەچارەیەکی دیپلۆماسی بۆ جەنگی ئێران هان بدات، چونکە بەردەوامیی شەڕەکە هەڕەشەیەکی جددییە بۆ سەر ئابووریی جیهان و ژێرخانی پیشەسازیی ئەڵمانیا.

چوارشەممە 25ـی ئاداری 2026، لە گوتارێکدا لەبەردەم پەرلەمانی ئەڵمانیا، فریدریک مێرز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئاماژەی بەوە کرد، ئەوان بەردەوامن لە هەماهەنگی لەگەڵ هاوتاکانیان لە یەکێتی ئەوروپا، بەریتانیا و نەرویج بۆ دۆزینەوەی ڕێگەیەک تاوەکوو قورسایی سیاسیی خۆیان بەکاربهێنن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ. مێرز گوتی: "پێویستە ئەمریکا و ئیسرائیل بەرەو چارەسەری دیپلۆماسی ببەین، هەرچەندە تا ئێستا لایەنی ئێرانی هیچ ئامادەییەکی ڕوونی بۆ ئەم مەبەستە نیشان نەداوە."

ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، ڕاشیگەیاند، لە دواین پەیوەندی تەلەفۆنییاندا لە ڕۆژی یەکشەممە، هۆشداریی داوەتە واشنتن لە مەترسییەکانی بەردەوامیی جەنگ لەگەڵ ئێران. مێرتز جەختی کردەوە کە ئەم ململانێیە نەک تەنیا هەڕەشەیە بۆ سەر سەقامگیریی ئابووریی جیهان، بەڵکوو دەرفەت بۆ مۆسکۆ دەڕەخسێنێت تاوەکوو بە ئاسانی جەنگەکەی لە ئۆکرانیا بەردەوام بکات و سوود لە سەرقاڵبوونی ڕۆژئاوا بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە وەربگرێت.

مێرتز، باسی لەوەش کرد، گەیشتن بە ئاشتییەکی بەردەوام پێویستی بە ویست و ئامادەیی هەموو لایەنەکان هەیە؛ هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا هیچ ئاماژەیەکی ڕوون و ئیرادەیەکی ڕاستەقینە لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە نابینرێت بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان و گەیشتن بە چارەسەری دیپلۆماسی.

مێرز سەرنجی خستە سەر لایەنە ئابوورییەکەی جەنگ و هۆشداری دا، پیشەسازیی ئەڵمانیا، بەتایبەتی کەرتی کیمیاوی، بەبێ نەوت و گازی پێویست ناتوانێت بەردەوام بێت؛ ڕایگەیاند: "باشترین ڕێگە بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی نرخەکان لە بازاڕی وزەدا، کۆتاییهێنانە بە جەنگ لە ئێران. ئێمە نامانەوێت بە تەواوی لە کەرتی وزە داببڕێین، چونکە ئەمە دەبێتە هۆی پەککەوتنی بەشێکی گەورەی پیشەسازییەکانمان."

جەختی کردەوە، ئەڵمانیا لەسەر ڕێگای ڕاستە بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە سووتەمەنییەکان، بەڵام ئەم گۆڕانکارییە کاتی پێویستە و نابێت لە ناوەڕاستی جەنگدا زیانی کوشندە بە ئابووریی نیشتمانی بگات.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، مێرز باسی لە دۆخی ناوخۆیی ئەڵمانیا کرد و جیاوازیی کرد لە نێوان موسڵمانانی وڵاتەکەی و گرووپە ئیسلامییە توندڕەوەکان و گوتی: "سەدان هەزار موسڵمان لە ئەڵمانیا دەژین کە بە تەواوی پابەندی دەستووری وڵاتن، پێویستە هاوکاریی ئەوان بکەین بۆ پاراستنی ئاشتیی ئایینی و کۆمەڵایەتی لەم کاتە هەستیارەدا."