پزیشکیان: لەژێر رێنمایی رێبەری باڵا تەواوی ناوەندەکانی بڕیار لە پرسی جەنگدا یەکدەنگن

سەرۆککۆماری ئێران، رایگەیاند، سەرجەم ناوەندەکانی بڕیاردان لە وڵاتدا سەبارەت بە پرسی جەنگ و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی، یەکگرتوون و یەک هەڵوێستیان هەیە.

چوارشەممە 25ـی ئاداری 2026، مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران، لە لێدوانێکدا جەختی کردەوە: "باوەڕمان وایە لە پرسە بنەڕەتی و چارەنووسسازەکانی وڵاتدا، دەبێت تەنیا یەک دەنگ ببیسترێت".

سەرۆککۆماری ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، "تەواوی بڕیارەکان لەبارەی جەنگ و بەڕێوەبردنی، لەژێر رێنمایی و چاودێری رێبەری باڵای شۆڕش یەکخراون".

لە کۆتایی قسەکانیدا، پزیشکیان ڕایگەیاند، یەکڕیزی و تەبایی ناوخۆیی، کۆڵەکەیەکی سەرەکییە بۆ بەڕێوەبردنێکی کاریگەر، تێپەڕاندنی قەیرانەکان و دابینکردنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ئێران.