وێنەی مانگە دەستکردەکان جوڵەی هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاشکرا دەکەن
وێنە نوێیەکانی مانگە دەستکردەکان دەریدەخەن کە کەشتیی جەنگیی "یو ئێس ئێس تریپۆلی"ی ئەمریکی، کە یەکەیەکی گەورەی هێزەکانی مارێنزی هەڵگرتووە، لە دوورگەی "دیگۆ گارسیا" لە زەریای هیندی لەنگەری گرتووە وەکو ئامادەکارییەک بۆ گەیشتن بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
چوارشەممە 25ـی ئاداری 2026، بەگوێرەی راپۆرتێکی ماڵپەڕی "نیوزویک"، وێنەی مانگە دەستکردەکانی کۆمپانیای "میزار ڤیژن"ی چینی دەریدەخەن کە ئەو کەشتییە 260 مەترییە لە دوایین وێستگەیدایە پێش گەیشتنی بە ناوچەی ئۆپراسیۆنەکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم)، شیکەرەوەکان پێیان وایە ئەم وەستانە بۆ مەبەستی وەرگرتنی سووتەمەنی و پێداویستییە پێش دەستپێکردنی قۆناغی کۆتایی گەشتەکە.
ماڵپەڕەکە وردەکاریی هێزە نێردراوەکەی بەم شێوەیە بڵاوکردووەتەوە:
· کەشتیی تریپۆلی: هەفتەی رابردوو لە دەریای چینی باشوورەوە بە خێراییەکی زۆر بەرەو ناوچەکە بەڕێ کەوتووە و لانیکەم دوو کەشتیی تێکشکێنەر هاوڕێیەتی دەکەن.
· هێزی مرۆیی: کەشتییەکە یەکەی 31ـی مارێنزی هەڵگرتووە کە لە 2200 سەرباز پێکدێن.
· توانای سەربازی: جگە لە سەربازەکان، فڕۆکەی جەنگیی پێشکەوتووی جۆری "F-35B" لەسەر کەشتییەکە جێگیر کراون و چاوەڕوان دەکرێت رۆژی هەینی بگەنە شوێنی مەبەست.
بنکەی دیگۆ گارسیا و ململانێکان:
ئەم بنکەیە کە 4260 کم لە کەناراوەکانی ئێرانەوە دوورە، لە رۆژانی رابردوودا لەلایەن ئەمریکاوە بۆ بۆردومانکردنی ئێران بەکارهاتووە، لە بەرانبەردا تاران بە دوو موشەکی بالیستیک هێرشی کردە سەر بنکەکە، بەڵام هێرشەکەی سەرکەوتوو نەبوو.
ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوەکردووە، جگە لە کەشتیی تریپۆلی، کەشتیی جەنگیی "یو ئێس ئێس سان دیێگۆ"ش گەرووی مەلاقەی بڕیوە و بەرەو ناوچەکە دێت، هاوکات، تۆڕی "سی ئێن ئێن" بڵاویکردەوە کە نزیکەی هەزار سەربازی فیرقەی 82ـی (Airborne) ئامادەکاری دەکەن بۆ بڵاوەپێکردن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەم فیرقەیە بەوە ناسراوە کە دەتوانێت لە ماوەی تەنیا 18 کاتژمێردا لە بنکەکەی خۆیەوە لە ئەمریکا بگاتە هەر شوێنێکی جیهان.
ئەم جوڵە سەربازییانە لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی ناوچەکە لە هەڵکشاندایە و ئەمریکا دەیەوێت بژاردەی سەربازیی زیاتر بخاتە بەردەم دۆناڵد ترەمپ بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پێشهاتەکان.