ئیسرائیل کوژرانی فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی راگەیاند

ئیسرائیل کوژرانی فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی راگەیاند.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26ـی ئاداری 2026، بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیلی بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاند، عەلی رەزا تەنگسیری، فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران لە هێرشێکدا بۆ سەر بەندەر عەباس کوژراوە.

بە گوتەی ئەو بەرپرسە ئیسرائیلە، تەنگسیری بەرپرسی داخستنی گەرووی هورمز بووە بە رووی کەشتییەکاندا. 

تا ئێستا ئێران بە فەرمی کوژرانی فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی رانەگەیاندووە.

عەلی رەزا تەنگسیری لە ساڵی 2018ـەوە پۆستی فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێرانی وەرگرتووە و یەکێک بوو لە فەرماندە توندڕەوەکانی ئەو وڵاتە. ناوی ئەم سەرکردەیە زیاتر بە هەڕەشەکانی بۆ داخستنی گەرووی هورمز و رووبەڕووبوونەوەی کەشتییە ئەمریکییەکان لە ئاوەکانی کەنداو دەناسرایەوە.

هێزی دەریایی سوپای پاسداران رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە کۆنترۆڵکردنی ئاوەکانی کەنداو و جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنە خێرا و بچووکەکان دژی کەشتییە بازرگانی و سەربازییەکانی نەیارەکانی تاران.

بەندەر عەباس، یەکێکە لە گرنگترین بنکە دەریایی و ئابوورییەکانی ئێران و دەکەوێتە باشووری ئەو وڵاتە، بە ناوەندێکی سەرەکیی چالاکییەکانی هێزی دەریایی سوپای پاسداران دادەنرێت بۆ کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز.