زیاتر لە 60٪ـی ئەمریکییەکان دژی جەنگن بەرانبەر ئێران

سەنتەری توێژینەوەی "پیو" (Pew Research Center) ئاشکرای دەکات کە زۆرینەی گەلی ئەمریکا دژی هەر جۆرە هێرش و کردەوەیەکی سەربازی وڵاتەکەیانن بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران.

پێنجشەممە 26ـی ئاداری 2026، سەنتەری توێژینەوەی ئەمریکی ( پیو ) راپرسییەکی لە بارەی جەنگی وڵاتەکەی دژی ئێران ئەنجامداوە، بەگوێرەی داتاکان لە 61٪ـی ئەمریکییەکان پشتیوانی لە رێکارە سەربازییەکانی واشنتن ناکەن، لەو رێژەیەش، 44٪یان بە توندی دژایەتی خۆیان بۆ شەڕ دەربڕیوە و 17٪ـی دیکەشیان بە شێوەیەکی رێژەیی ناڕازین.

 لە بەرامبەردا، تەنها 37٪ـی بەشداربووان پشتگیری لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دەکەن دژی تاران.

سەنتەرەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، 59٪ـی بەشداربووان پێیان وایە بەکارهێنانی هێزی سەربازی لە دژی ئێران بڕیارێکی هەڵە بووە، هەروەها 45٪ـی هاووڵاتیانی بەشداربوو لە راپرسییەکەدا دەڵێن:" ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بە باشی بەڕێوە ناچێت و ئامانجەکانیان نەپێکاوە".

ئەم راپرسییە لە کاتێکدایە، گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران لە ناوچەکەدا بەردەوامی هەیە، بەڵام وەک دەردەکەوێت شەقامی ئەمریکی مەیلی بۆ بژاردەی سەربازی نییە.