ترەمپ: دانوستانکارانی ئێران زۆر سەیرن و کاتێکی کەمیان ماوە
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەدات، بەرپرسانی ئێران بۆ رێککەوتن لەگەڵ واشنتن دەپاڕێنەوە، هۆشداریش دەداتە تاران لە لەدەستدانی کات پێش ئەوەی دۆخەکە خراپتر بێت. دەشڵێت "هەرگیز هەڵوێستی ناتۆ لەبیر ناکەین".
رۆژی پێنجشەممە، 26ـی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکی نوێدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تروس سۆشیاڵ" سەبارەت بە پرسی دانوستان لەگەڵ تاران رایگەیاند، دانوستانکارانی ئێران "زۆر جیاواز و سەیرن".
دۆناڵد ترەمپ لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد، "ئەوان تکامان لێ دەکەن و دەپاڕێنەوە بۆ ئەوەی رێککەوتنێکیان لەگەڵدا بکەین، دەبێت واش بکەن لەبەر ئەوەی لە رووی سەربازییەوە وێران کراون و هیچ چانسێکیان بۆ هەڵسانەوە نەماوە."
سەرۆکی ئەمریکا رەخنەی توند لە لێدوانە ئاشکراکانی بەرپرسانی ئێران دەگرێت و روونیشی کردەوە، "لەگەڵ ئەو دۆخەشیاندا هێشتا بە ئاشکرا دەڵێن تەنیا سەیری پێشنیازەکەی ئێمە دەکەن، ئەمە هەڵەیە، باشترە بە زوویی جددی بن پێش ئەوەی کات لەدەست بچێت."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا سەرۆکی ئەمریکا هۆشدارییەکی توند دەداتە ئێران و ئەوەشی خستە روو، "ئەگەر کات لەدەست بچێت، هیچ گەڕانەوەیەک نییە و دۆخەکەش هەرگیز خۆش نابێت."
ترەمپ رەخنەی توند لە هاوپەیمانیی ناتۆ دەگرێت و دەڵێت، ئێرانیشیان بە تەواوەتی وێران کردووە.
سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکی دیکەیدا رایگەیاند، وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ بە هیچ شێوەیەک یارمەتیدەر نەبوون بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ نەتەوە شێتەکەی ئێران، لە کاتێکدا ئێستا لە رووی سەربازییەوە بەتەواوی وێران کراوە.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتەکەی پێویستی بە هیچ شتێک نییە لە ناتۆ، هاوکات هۆشدارییەکی توندی دا و روونیشی کردەوە، پێویستە ئەم خاڵە زۆر گرنگەی مێژوو هەرگیز لەبیر نەکرێت.
ئەمە جاری یەکەم نییە سەرۆکی ئەمریکا رەخنە لە هەڵوێستیی هاوپەیمانیی ناتۆ لەبارەی جەنگی ئێرانەوە دەگرێت. پێشتر گوتبووی، "ناتۆ بووە بە شەقامێکی یەک ساید"، مەبەستی ئەوەیە بەس ئەمریکا خزمەتی ناتۆ دەکات و ناتۆ خزمەتی ئەمریکا ناکات.
ترەمپ پێشتر چەند داواکارییەکی لە ناتۆ هەبووە سەبارەت بە جەنگی ئێران؛ کەشتی مینهەڵگرەوە بنێرن بۆ گەرووی هورمز بۆ هەڵگرتنەوەی مینەکانی ئێران لەناو ئاوەکە، هاوکات هێزی کۆماندۆ بنێرن لەو هێزە ئێرانیانە بدەن کە لە کەناراوەکانی ئێران کێشە دروست دەکەن.
ئەمە لە کاتێکدایە، هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ راگرتنی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران چڕبوونەتەوە. چاوەڕێ دەکرێت، لە چەند رۆژە گەڕێکی دیکەی دانوستانی نێوان تاران و واشنتن لە پاکستان بەڕێوەبچێت.
ترەمپ تا بەیانیی شەممە، 28ـی ئادار، هێرشەکانی سەر ژێرخانی وزەی ئێرانی راگرتووە، بەمەبەستی ئەوەی درێژە بە دانوستانەکانیان لەگەڵ تاران بدەن و بگەنە رێککەوتنێکی یەکجارەکی تا کۆتایی بە جەنگەکە بهێنن.