سەرچاوەیەک بۆ کوردستان24: فڕۆکەیەکی ئەمریکی بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە ئامرلی بۆردومان کرد
پەیامنێری کوردستان24، رایگەیاند، لە هێرشێکی ئاسمانیدا بارەگای فەوجی یەکی لیوای 63ـی حەشدی شەعبی لە شارۆچکەی ئامرلی سەر بە پارێزگای سەڵاحەددین بۆردومان کرا.
پێنجشەممە 26ـی ئاداری 2026، سەرچاوەیەکی ئەمنی لە قەزای خورماتوو بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئەو فڕۆکەیەی بارەگاکەی بۆردومان کردووە ئەمریکی بووە". سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کرد، هێرشەکە تەنها زیانی ماددی بە بارەگاکە گەیاندووە و هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، هێرشەکە چەند شوێنێکی دیاریکراوی ناو فەوجی یەکی لیوای 63ـی پێکاوە، لە ئێستاشدا تیمەکانی ئاسایشی سەربازی لە شوێنی رووداوەکەن و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە، هاوکات رێکاری توندیان گرتووەتە بەر بۆ پاراستنی ناوچەکە و رێگریکردن لە هەر گرژییەکی چاوەڕوانکراو.
ئەم هێرشە لە کاتێکدایە کە ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سەڵاحەددین، بەتایبەت قەزای ئامرلی، ناوبەناو گرژی ئەمنی بەخۆیانەوە دەبینن و هێزە ئەمنییەکان لەو ناوچانەدا لە حاڵەتی ئامادەباشیدان.
لە بارەی هێرشەکەی ئەمڕۆ پێنجشەمەوە، تاوەکو ئێستا نە دەستەی حەشدی شەعبی و نە وەزارەتی بەرگری عێراق هیچ راگەیەندراوێکی فەرمییان دەربارەی ناسنامەی فڕۆکەکان و لایەنی بەرپرسیار لە هێرشەکە بڵاو نەکردووەتەوە.