ئەکسیۆس: ڤانس و ناتانیاهۆ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی پڕ لە مشتومڕیان ئەنجام داوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بە فەرمی جەی دی ڤانسی جێگری بۆ رێبەرایەتی کردنی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی واشنتن بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێرانی راسپارد؛ ئەسکیۆسیش دەڵێت: ڤانس و سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پەیوەندییەکی پڕ لە مشتومڕیان ئەنجام داوە.

لە کۆبوونەوەی دوێنی پێنجشەممەی ئەنجوومەنی وەزیراندا، دۆناڵد ترەمپ بە فەرمی رۆڵی جەی دی ڤانسی لە دۆسیەی ئێراندا راگەیاند. ڤانس کە ئەزموونی بەشداریی لە جەنگی عێراقدا هەیە، لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف و جارد کوشنەر کار دەکات بۆ داڕشتنی رێککەوتنێکی کۆتایی.

بەرپرسانی کۆشکی سپی بە ئەکسیۆسیان گوتووە، پێگەی ڤانس و دژایەتیی مێژوویی ئەو بۆ جەنگە بێ کۆتاییەکان، وای کردووە ببێتە کەسایەتییەکی سەرنجڕاکێشتر بۆ ئێرانییەکان، بە جۆرێک کە بەرپرسێکی باڵا دەڵێت: ئەگەر تاران نەتوانێت لەگەڵ ڤانس بگاتە رێککەوتن، ئەوا لەگەڵ کەسی دیکە بۆی ناکرێت؛ ئەو باشترین دەرفەتە کە دەستیان بکەوێت.

هەروەها لە راپۆرتەکەی ئەکسیۆسدا هاتووە، رۆژی دووشەممە ڤانس و ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پەیوەندییەکی تەلەفۆنی دژواریان ئەنجامدراوە. تێیدا ڤانس رەخنەی لە ناتانیاهۆ گرتووە و پێی راگەیاندووە، پێشبینییەکانی ئیسرائیل بۆ رووخانی خێرای دەسەڵاتی ئێران و خۆپیشاندانی جەماوەری زۆر دوور بوون لە واقیعەوە.

ئەمەش وای کردووە کەسانێک لە ناو حکوومەتی ئیسرائیل هەوڵی لەکەدارکردنی ناوی ڤانس بدەن و وەک کەسێکی جەنگی ناوێت نیشانی بدەن، هەرچەندە راوێژکارانی ڤانس جەخت دەکەنەوە کە ئەو دوای دەستپێکردنی شەڕەکە، هەمیشە داوای بەکارهێنانی هێزی کوشندە و کتوپڕی کردووە بۆ تێکشکاندنی دوژمن.

لە کاتێکدا ترەمپ مۆڵەتی دانوستانەکانی درێژکردووەتەوە، پەیامی واشنتن بۆ تاران روونە: ڤانس نوێنەری جددییەتی ترەمپە بۆ ئاشتی، بەڵام ئەگەر دیپلۆماسی شکستی هێنا، بژاردەی پەرەپێدانی سەربازیی گەورە و رەوانەکردنی فیرقەی 82 بۆ ناوچەکە، ئامادەکراوە

ڤانس پێش دەستپێکردنی شەڕ بە رۆژنامەی واشنتن پۆستی راگەیاندبوو: "پێویستە وریابین لە دووبارەکردنەوەی هەڵەکانی رابردوو، بەڵام نابێت تەنیا لەناو وانەکانی رابردووشدا جێگیر ببین." ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە جێگری سەرۆک دەیەوێت بە شێوازێکی نوێ و بڕیاردەرانە، ململانێیەک یەکلایی بکاتەوە کە دەیان ساڵە جیهانی شەکەت کردووە.

لەسەر ئاستی ناوچەیی، ڤانس زنجیرەیەک کۆبوونەوەی گرنگی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی قەتەر و شاندی باڵای ئیمارات ئەنجام داوە بۆ تاوتوێکردنی هاوکارییە سەربازییەکان و دیپلۆماسیی ژێر بۆردوومان. هاوکات، وڵاتانی نێوەندگیر پاکستان، میسر و تورکیا خەریکی ئامادەکردنی لووتکەیەکی ئاشتین لە ئیسلام ئاباد، بە ئامادەبوونی ڤانس و محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، بەو مەرجەی تاران گڵۆپی سەوز لە سەرکردایەتی باڵاوە وەربگرێت.