لەسەرەتای ئەمساڵەوە ئاوی بەنداوی دوکان 21 مەتر بەرزبووەتەوە

تەنیا لەم هەفتەیە و ئەم شەپۆلە بارانەی ئێستا ناوچەکەی گرتووەتەوە، ئاستی ئاوی گلدراوە لە بەنداوی دوکان بە بەرزی 5 مەتری ستوونی بەرزبووەتەوە و کۆی گشتیی ئاوی گلدراوەی بەنداوەکەش لە 60% نزیکبووەتەوە. 

کۆچەر جەمال بەڕێوەبەری بەنداوی دوکان ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی بە کوردستان24ی راگەیاند، لەسەرەتای ئەمساڵەوە ئاستی ئاوی بەنداوی دوکان بە بەرزی 21 مەتر ستوونی زیادی کردووە، هەروەها لە سەرەتای ئەم شەپۆلە بارانەی ئێستا هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، 5 مەتر ستوونی ئاستی ئاوی بەنداوی دوکان بەرزبووەتەوە.

لە بارەی ئەگەر پڕبوون و سەرڕێژبوونی بەنداوی دوکان، کۆچە جەمال گوتی " ئومێدێکی ئەوتۆ نییە بۆ سەرڕێژبوون و پڕبوونی بەنداوەکە، چونکە هێشتا نزیکەی 13 مەترسی ستوونی ماوە بۆ تەواو پڕبوونی بەنداوی دوکان". 

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی بە دەستی کوردستان24 گەیشتوون، ئاوی گلدراوەی بەنداوی دوکان نزیکەی 60% دەبێت، واتە لە کۆی توانای گدانەوەی 7 ملیار و 200 ملیۆن مەتر سێجای ئاو، ئێستا زیاتر لە 3.5 ملیار سێجا ئاو گلدراوەتەوە.

ئەم شەپۆلە بارانەی ئێستا هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، کە یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانەوە لە 20ی ئەم مانگەوە دەستیپێکردووە و بە گوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی کاریگەرییەکانی شەپۆلەکە تاوەکوو ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو بەشێوەی نمە باران و بارانی مامناوەند بە پچرپچڕی بەردەوام دەبێت.

هەر بە گوێرەی راپۆرتی بەشی پێشبینی کەشناسی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، لە 24 کاتژمێری رابردوودا، لە 9ی بەیانی دوێنێ تا 9ی بەیانی ئەمڕۆ هەینی 27ی ئاداری 2026، بڕی بارانی باری بە گوێرەی ناوچە جیاجیاکانی هەرێم بەمشێوەیە بووە:

ئاماری بارانی باریوی 24 کاتژمێر - لە 9ی بەیانی 2026/3/26 تا 9ی بەیانی 2026/3/27

بەنداوی دوکان لە سنووری پارێزگای سلێمانی لە ساڵانی 1954 تا 1959  لەسەر ڕووباری زێی بچووک دروستکراوە و سەرچاوەی سەرەکی ئاوی بەنداوەکە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە دێت.

تاوەکوو ئێستا دووجار بەنداوی دوکان پڕبوونی پێوانەیی تۆمارکردووە و لە ڕێڕەوی (بیڵ ماوس یان سپیڵ وەی‌) سەرڕێژی کردووە، جاری یەکەم لە ساڵی 1988 دا بووە و جاری دووەمیش لە 2ی نیسانی 2019 سەرڕێژی کرد، کە بەرزی بیل ماوسەکە لە سەرەوەی 22 مه‌تره.