حوسییەکانی یەمەن ئامادەیی خۆیان بۆ چوونە ناو جەنگی ئێران راگەیاند
هێزە چەکدارەکانی یەمەن بەیاننامەیەکی فەرمییان سەبارەت بە پەرەسەندنی گرژییەکانی ناوچەکە و هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران و وڵاتانی بەرەی مقاوەمە بڵاوکردەوە و چوونە ناو جەنگی ئێرانیان راگەیاند.
شەممە 28ـی ئاداری 2026، حوسییەکانی یەمەن لە بەیاننامەکەدا هۆشداری توند دەداتە واشنتن و تەلئەڤیڤ، هاوکات جەخت لە ئامادەیی تەواوی خۆیان دەکەنەوە بۆ چوونە نێو شەڕێکی راستەوخۆ.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، ئەم هەڵوێستەیان لە سۆنگەی بەرپرسیارێتی ئاینی و ئەخلاقییەوە دێت بەرامبەر بە دەستدرێژییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران کە ئامانج لێی جێبەجێکردنی پڕۆژەی "ئیسرائیلی گەورە" و گۆڕینی نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بە چەند خاڵێک کراوە:
1- پێویستی وەڵامدانەوەی دەستبەجێی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ هەوڵە دیپلۆماسییەکان بە مەبەستی راگرتنی هێرشەکان بۆ سەر ئێران و وڵاتانی میحوەرەکە، چونکە ئەمە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی جیهان و ئابووری نێودەوڵەتی هەیە.
2- راگرتنی دەستبەجێی هێرشەکان بۆ سەر فەڵەستین، غەززە، لوبنان، عێراق و ئێران، هاوکات لەگەڵ کۆتاییهێنان بە گەمارۆی سەر یەمەن.
3- جێبەجێکردنی رێککەوتنی غەززە و پابەندبوون بە مافە مرۆیی و رەواکانی گەلی فەڵەستین.
هێزە چەکدارەکانی یەمەن جەختیان کردەوە کە دەستیان لەسەر پەلەپیتکەیە بۆ دەستێوەردانی سەربازیی راستەوخۆ لەم حاڵەتانەی خوارەوەدا:
پەیوەندیبوونی هەر هاوپەیمانییەکی نوێ بە ئەمریکا و ئیسرائیلەوە دژی ئێران و بەرەی مقاوەمە.
بەکارهێنانی دەریای سوور بۆ ئەنجامدانی هەر کارێکی سەربازی دژی ئێران یان هەر وڵاتێکی موسڵمان.
بەردەوامبوونی پەرەسەندنە سەربازییەکان بە جۆرێک کە پێویستی بە دەستێوەردان هەبێت.
لە بەشێکی تری بەیاننامەکەدا، هۆشداری دراوە لە هەر هەوڵێک بۆ توندترکردنی گەمارۆی سەر گەلی یەمەن و دووپاتکراوەتەوە کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەوان تەنها دوژمنی ئەمریکی و ئیسرائیلی دەکاتە ئامانج و هیچ گەل و وڵاتێکی موسڵمان ناکەنە ئامانج.