سوپای پاسداران: 6 کەشتیی جەنگیی ئەمریکامان لە بەندەری شیوخ تێکشکاندووە

سوپای پاسدارانی ئێران، راگەیەندراوێکی سەبارەت بە ئەنجامدانی هێرشێکی بەرفراوان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، توانیویانە 6 کەشتیی جەنگیی ئەمریکی لە جۆری (LCU) لە بەندەری شیوخ بکەنە ئامانج.

شەممە 28ـی ئاداری 2026، بەگوێرەی بەیاننامەیەکی پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران، لە چوارچێوەی شەپۆلی 84ـی ئۆپەراسیۆنی بەڵێنی راستگۆ – 4  هێرشەکە ئەنجامدراوە، لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "هێزی دەریایی سوپای پاسداران هێرشێکی هاوبەشیان کردووەتە سەر پێگەکانی ئەمریکا لە بەندەری شیوخ و کەناراوەکانی دوبەی، کە بە وردییەکی زۆرەوە سەربازان و کەرەستە تەکنیکییەکانی ئەمریکایان پێکاوە".

لە بەشێکی تری بەیاننامەکەدا وردەکاری چەکەکانی بەکارهێنراو ئاشکرا کراوە و هاتووە: "لەم ئۆپەراسیۆنەدا مووشەکی بالیستی لە جۆری قادر 380 و مووشەکی کرووز بەکارهێنراون، هەروەها لە ئەنجامی هێرشەکەدا 6 کەشتیی جەنگیی ئەمریکی لە بەندەری شیوخ پێکراون، بەگوێرەی راپۆرتە مەیدانییەکان 3 کەشتییان نوقم بوون و سێیەکەی دیکەش ئاگریان گرتووە".

هەروەها سوپای پاسداران ئاماژەی بەوە کردووە، هاوکات لەگەڵ هێرشە مووشەکییەکان، درۆنیان بۆ پێکانی بنکەی درۆنی ئەمریکا لەسەر کەناراوەکان و هۆتێلێکی دوبەی بەکارهێناوە، لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەشکردوە، ئەم هێرشانە بووەتە هۆی کوژرانی ژمارەیەکی زۆر لە سەربازانی ئەمریکی.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، سوپای پاسداران جەختی کردووەتەوە، هێزی دەریایییان بە هەموو هێز و توانایەکیانەوە ئامادەن بۆ وەڵامدانەوەی هەر جموجۆڵێکی دوژمنکارانە.