ترەمپ: چیتر ناچار نین بەرگریی لە ناتۆ بکەین

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند، وڵاتەکەی ناچار نییە پابەندی بنەماکانی بەرگری هاوبەش بێت لە چوارچێوەی هاوپەیمانی ناتۆدا، ئەم لێدوانەی ترەمپ گومانێکی زۆری لای هاوپەیمانە ئەوروپییەکان دروست کردووە سەبارەت بە داهاتووی ناتۆ.

شەممە 28ـی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، لە میانی گوتارێکدا لە کۆڕبەندی وەبەرهێنان لە میامی، ناڕەزایەتی توندی خۆی بەرامبەر بە وڵاتانی ئەوروپی نیشاندا و رایگەیاند، ئەو وڵاتانە ئامادە نین هاوکاری دارایی و سەربازی پێشکەش بە ئەمریکا بکەن، بەتایبەتی لە کاتێکدا کە نزیکەی مانگێکە شەڕی ئەمریکا دژی ئێران دەستی پێکردووە و هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەک بۆ پاراستنی گەرووی هورمز بەردەوامە.

سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "ئێمە هەمیشە دەمانویست لە تەنیشتیان بوەستین، بەڵام ئێستا و بە پشتبەستن بە کردارەکانی ئەوان، پێموایە ناچار نین ئەوە بکەین، وانییە؟"، هەروەها گوتیشی: "بۆچی ئێمە لەگەڵ ئەوان بین ئەگەر ئەوان لەگەڵ ئێمە نەبن؟ ئەوان لەگەڵمان نەبوون".

ئەم ئاڵۆزییانە دوای ئەوە دێن کە واشنتن بەبێ راوێژکردن بە هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی، بڕیاری هێرشکردنە سەر ئێرانی داوە لە کۆتایی مانگی رابردوودا، ئەمەش لە کاتێکدایە کە زۆربەی سەرکردەکانی ناتۆ دژی ئەو هەنگاوە بوون.

پەیوەندییەکانی ترەمپ لەگەڵ ناتۆ هەمیشە پڕ لە هەوراز و نشێو بووە، بەتایبەتی سەبارەت بە "ماددەی 5"ـی پەیماننامەکە کە دەڵێت "هێرش بۆ سەر هەر ئەندامێک، وەک هێرش بۆ سەر هەموو ئەندامەکان هەژمار دەکرێت".

جگە لە پرسی ئێران، پەیوەندییەکانی واشنتن و برۆکسل لەمساڵدا زیاتر تێکچوون دوای ئەوەی ترەمپ هەڕەشەی داگیرکردنی "گرینلاند"ـی کرد، کە هەرێمێکی سەر بە دانیمارکە و ئەندامێکی ناتۆیە، ئەمەش جارێکی تر متمانەی نێوان ئەمریکا و هاوپەیمانە دێرینەکانی لە ئەوروپا خستووەتە بەردەم مەترسییەکی گەورە.