سوپای ئیسرائیل: لە یەمەنەوە مووشەک ئاڕاستەی وڵاتەکەمان کراوە
سوپای ئیسرائیل، بەیانی ئەمڕۆ شەممە، رایگەیاند، مووشەکێکیان دەستنیشان کردووە کە لە خاکی یەمەنەوە بەرەو ئیسرائیل ئاراستە کراوە.
شەممە 28ـی ئاداری 2026، بەگوێرەی بەیاننامەیەکی سوپای ئیسرائیل، سیستەمەکانی بەرگری ئاسمانی دەستبەجێ کەوتوونەتە کار بۆ شوێنکەوتن و تێکشکاندنی مووشەکەکە لە ئاسماندا، هاوکات میدیاکانی ئیسرائیل ئاماژەیان بەوە کردووە، دەنگی زەنگی ئاگادارکردنەوە لە شارۆچکەی گەشتیاری ئیلات و ناوچەی نەقب لە باشووری وڵاتەکە بیستراوە.
ئەم هێرشە لە کاتێکدایە، یەکەمین جارە لە دوای دەستپێکردنی جەنگی دژی ئێران لە لایەن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانییەوە کە ماوەی مانگێکە بەردەوامە، مووشەک لە یەمەنەوە بەرەو ئیسرائیل بهاوێژرێت.
ئەم بۆردومانە لە دوای ئەوە دێت، گرووپی حوسییەکان لە یەمەن پێشتریش و پێش گەیشتن بە رێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە، بەردەوام ناوچەی ئیلاتیان بە مووشەک و درۆن دەکردە ئامانج، بەڵام لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی نوێی ناوچەکە ئەمە یەکەمین هێرشی لەو جۆرەیە کە تۆمار دەکرێت.