ئەمریکا: زانیاریمان هەیە ئێران دەیەوێت هاووڵاتییانمان لە سووریا بکاتە ئامانج
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە سووریا هۆشداری دەداتە هاووڵاتییانی و داوایان لێ دەکات پلانی چوونەدەرەوەیان هەبێت، هۆکاری ئەمەش بوونی زانیارییە لەسەر هەڕەشەکانی ئێران بۆ بەئامانجگرتنیان.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، ئێران لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێرشی کردووەتە سەر شوێنە مەدەنییەکان، لەوانە هۆتێل، فڕۆکەخانە، باڵیۆزخانە و دامەزراوەکانی دیکە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە، بەگوێرەی راپۆرتەکان ئێران هەڕەشەی کردنەئامانجی ئەو شوێنانە دەکات لەناو خاکی سووریادا، تیایاندا هاووڵاتیی بیانی نیشتەجێن.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا داوا لە هاووڵاتییانی دەکات لە سووریا خۆیان لە پەناگەکان بشارنەوە و پابەندی رێنماییەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بن، هەروەها پلانیان بۆ دەربازبوون لە سووریا هەبێت.
هاوکات روونیشی کردەوە، لە ئەگەری هەر هێرشێکدا دەبێت دەستبەجێ ئەو شوێنە چۆڵ بکەن و خۆیان لە گردبوونەوە و خۆپیشاندانەکان دوور بگرن.
لە چەند ساڵی رابردوودا و بەتایبەتی دوای ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە سووریا و عێراق دەیان جار لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە کراونەتە ئامانج. لە بەرانبەر ئەم هێرشانەدا، هێزەکانی ئەمریکا چەندین جار بارەگا و کۆگاکانی چەکی ئەو گرووپانەیان بۆردوومان کردووە.
زیاتر لە 900 سەربازی ئەمریکی لە چەند بنکەیەکی سەربازیی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا جێگیر کراون، ئامانجی سەرەکیی مانەوەشیان رێگریکردنە لە سەرهەڵدانەوەی چەکدارانی داعش و پاراستنی ئاسایشی ناوچەکەیە.