حووسییەکانی یەمەن: هاتینە نێو جەنگەکە و ژمارەیەک مووشەکمان ئاراستەی ئیسرائیل کرد
گوتەبێژی حووسییەکانی یەمەن بەرپرسیارێتیی یەکەم هێرشی مووشەکیی گرووپەکەی بۆ سەر ئامانجەکانی ئیسرائیل وەک پاڵپشتییەک بۆ ئێران و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە لەئەستۆ دەگرێت و هەڕەشەی بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنەکانیش دەکات.
ئەمڕۆ شەممە، 28ـی ئاداری 2026، یەحیا سەریع، گوتەبێژی حووسییەکانی یەمەن لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، هێزەکانیان یەکەم ئۆپەراسیۆنی سەربازییان بە ژمارەیەک مووشەکی بالیستی بۆ سەر ئامانجە هەستیارەکانی سەربازیی ئیسرائیل لە باشووری ئەو وڵاتە ئەنجام داوە.
گوتەبێژی حووسییەکانی یەمەن ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم هێرشە جێبەجێکردنی بڕیاری پێشوویانە بۆ دەستوەردانی سەربازیی راستەوخۆ بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی ئێران، لوبنان، عێراق و فەلەستین لە بەرانبەر هێرشەکان و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە.
هەروەها روونیشی کردەوە، ئۆپەراسیۆنەکەیان هاوکات بووە لەگەڵ هێرشەکانی ئێران و حزبوڵڵای لوبنان و ئامانجەکانی خۆی بەسەرکەوتوویی پێکاوه.
گوتەبێژی حووسییەکان ئەوەشی خستە روو، هێرشەکانیان بەردەوام دەبن تاوەکوو ئامانجە راگەیەنراوەکانیان بەدی دەهێنن و ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر تەواوی بەرەکانی ناوچەکە دەوەستێنێت.
حووسییەکانی یەمەن یەکێکن لەو گرووپە چەکدارانەی خۆیان بە بەشێک لە بەرەی دژایەتیکردنی ئەمریکا و ئیسرائیل دەزانن.
لە سەرەتای سەرهەڵدانی جەنگی غەززە لە ئۆکتۆبەری 2023، ئەم گرووپە چەندین هێرشیان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی بالیستی بۆ سەر ئامانجەکانی ئیسرائیل و کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سوور ئەنجام داوە.