سوپای ئیسرائیل: بە 50 فڕۆکە هێرشمان کردە سەر دامەزراوەکانی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران

ژمارەیەک فڕۆکەی جەنگیی ئیسرائیلی (ئەرشیف)
ژمارەیەک فڕۆکەی جەنگیی ئیسرائیلی (ئەرشیف)

سوپای ئیسرائیل وردەکاریی هێرشێکی گەورەی ئاسمانی بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمی و سەربازییەکانی ئێران رادەگەیەنێت و باس لە بەشداریکردنی دەیان فڕۆکەی جەنگی دەکات لە بۆردوومانکردنی سێ ناوچەی جیاوازدا.

ئەمڕۆ شەممە، 28ـی ئاداری 2026، سوپای ئیسرائیل لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، زیاتر لە 50 فڕۆکەی جەنگی بە پشتبەستن بە زانیاریی هەواڵگری رۆژی هەینی، 27ـی ئاداری 2026، هێرشیان کردووەتە سەر ژێرخانی سەربازیی ئێران لە سێ ناوچەی جیاوازدا.

لە بەشێکی دیکەی پۆستەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد، هێرشەکان هاوکات بوون لەگەڵ بۆردوومانکردنی کارگەی ئاوی قورس لە شاری ئاراک بۆ بەرهەمهێنانی پلوتۆنیۆمی تایبەت بە چەکی ئەتۆمی، هەروەها کارگەیەکی تایبەت بە دروستکردنی تەقەمەنی بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم لە شاری یەزد.

گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل روونیشی کردەوە، هێرشەکان بە سێ قۆناغ بوون و چەند کاتژمێرێکیان خایاندووە. تێیدا چەندین کارگەی پیشەسازیی سەربازی و بنکەیەکی سەر بە وەزارەتی بەرگریی ئێران کرانە ئامانج "کە بۆ دروستکردنی تەقەمەنیی پێشکەوتوو بەکار دەهات و سەرچاوەی دابینکردنی چەک بوو بۆ حەماس و حزبوڵڵا، لەگەڵ شوێنێکی تایبەت بە بەرهەمهێنانی پارچەی مووشەکی بالیستی و دژەفڕۆکە".

لە کۆتاییدا ئەوەشی خستە روو، پێکانی ئەو ئامانجانە گورزێکی گەورەیە لە تواناکانی ئێران بۆ دروستکردنی مووشەکی بالیستی و چەکی ئەتۆمی. هێزەکانیشیان بەردەوام دەبن لە لێدانی پیشەسازییە سەربازییەکانی ئێران بە مەبەستی لەناوبردنی تەواوی ئەو توانایانەی لە چەندین ساڵی رابردوودا بونیادی ناوە.