سەرۆکانی ئۆکرانیا و ئیمارات لە ئەبوزەبی کۆبوونەوە؛ تەوەری سەرەکی 'هێرشەکانی ئێران' بووە
سەرۆکی ئیمارات و سەرۆکی ئۆکرانیا لە ئەبوزەبی کۆبوونەوە و پرسی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ناوچەکە و پاراستنی ئاسایشی نێودەوڵەتییان تاوتوێ کرد.
ئەمڕۆ شەممە، 28ـی ئاداری 2026، شێخ محەممەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی ئیمارات و ڤلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە کۆبوونەوەیەکدا پەرەسەندنە ئەمنییەکانی ناوچەکەیان لە سایەی هەڵکشانە سەربازییەکان تاوتوێ کرد و مەترسییەکانی سەر ئاسایشی نێودەوڵەتی و هاتوچۆی دەریاییان خستە روو.
لە میانی سەردانە فەرمییەکەیدا بۆ ئیمارات، شێخ محەممەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی ئیمارات پێشوازی لە ڤلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا کرد و خۆشحاڵیی خۆی بۆ سەردانەکەی لەو بارودۆخە هەستیارەدا دەربڕی و بە نیشانەی بەهێزیی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات وەسفی کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا باسیان لە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئیمارات و وڵاتانی ناوچەکە کرد و سەرکۆنەی بەئامانجگرتنی هاووڵاتییانی مەدەنی و ژێرخانی ئابوورییان کرد.
هاوکات جەختیان لەوە کردەوە، ئەم هێرشانە پێشێلکارییەکی روونی سەروەریی وڵاتان و یاسا نێودەوڵەتییەکان و پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانە.
شێخ محەممەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی ئیمارات ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتەکەی بە دانایی و ئارامییەوە مامەڵە لەگەڵ قەیرانەکاندا دەکات بۆ دوورخستنەوەی ناوچەکە لە ئاڵۆزیی زیاتر. هەروەها روونیشی کردەوە، بە هەموو هێزێکەوە بەرگری لە سەروەریی خۆیان دەکەن لە بەرانبەر هێرشەکاندا و ئامادەییان بۆ رووبەڕووبوونەوەی سەرجەم هەڕەشەکان هەیە، ئەمەش بەپێی ئەو مافەی یاسا نێودەوڵەتییەکان پێی داون.
هەر لە میانی کۆبوونەوەکەدا سەرۆکەکانی ئیمارات و ئۆکرانیا باسیان لە هەماهەنگیی هاوبەش و پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوانیان کرد. سەرۆکی ئیمارات پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ سەرجەم هەوڵەکان بە مەبەستی هێنانەکایەی ئاشتییەکی بەردەوام لە ئۆکرانیا دووپات کردەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا شێخ مەنسوور بن زاید ئال نەهیان، جێگری سەرۆکی ئیمارات و شێخ حەمدان بن محەممەد بن زاید ئال نەهیان، جێگری سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی و شێخ محەممەد بن حەمەد بن تەحنون ئال نەهیان، راوێژکاری سەرۆکی ئیمارات لەگەڵ ژمارەیەک وەزیر و بەرپرسی دیکە ئامادە بوون.
پێشتریش لە کاتی گەیشتنی بۆ فڕۆکەخانە، ڤلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لەلایەن سوهەیل بن محەممەد مەزرووعی، وەزیری وزە و ژێرخانی ئیمارات و چەند بەرپرسێکی دیکەوە پێشوازیی لێ کرا.