ئێران هۆشدارییەکی توند دەداتە وڵاتانی ناوچەکە
سەرۆککۆماری ئێران هۆشداری دایە وڵاتانی ناوچەکە و رایگەیاند، ئەگەر دەیانەوێت سەقامگیرییان هەبێت با رێگە نەدەن دوژمنەکانیان لە خاکی ئەوانەوە جەنگ بەڕێوەببەن.
رۆژی شەممە، 28ـی ئاداری 2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە پلاتفۆرمی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە.
پزیشکیان رایگەیاند، چەندین جار گوتوویانە هێرشی پێشوەختە ناکەن، بەڵام ئەگەر ژێرخان یان ناوەندە ئابوورییەکانیان بکرێنە ئامانج، وەڵامدانەوەیان زۆر تووند دەبێت.
سەرۆککۆماری ئێران لە پەیامەکەیدا رووی دەمی کردە وڵاتانی ناوچەکە و ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر گەشەسەندن و ئاسایشیان دەوێت، با رێگە نەدەن دوژمنەکان لە خاکی ئەوانەوە جەنگ بەڕێوە ببن.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە سەرەتای سەرهەڵدانی جەنگەکە لە 28ـی مانگی رابردوو، ئیسرائیل و ئەمریکا چەندان جار کێڵگەی نەوت و غاز و بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانیان کردووەتە ئامانج.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاش چەند رۆژ مۆڵەتی بە ئێران داوە گەرووی هورمز بکاتەوە، ئەگەر نا کارەبای گشتیی وڵاتەکە دەبڕێت و ژێرخانی وزەیان دەکاتە ئامانج.