سێنتکۆم: کۆتایی بە هەڕەشەکانی ئێران بۆ سەر کەشتیوانی جیهانی هاتووە

فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، ئەو هەڕەشانەی کە بۆ ماوەی چەندین دەیەیە لەلایەن هێزی دەریایی ئێرانەوە بۆ سەر جووڵەی کەشتیوانی جیهانی هەبوون، کۆتاییان پێهاتوە، ئەمەش دوای زنجیرەیەک هێرشی چڕ بۆ سەر تواناکانی ئەو وڵاتە.

شەممە 28ـی ئاداری 2026، سێنتکۆم لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە میانی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکاندا زیاتر لە 10 هەزار ئامانجی سەربازی لە ناوخۆی ئێران پێکراون و نزیکەی 92%ـی کەشتییە گەورەکانی هێزی دەریایی ئێران نوقم کراون، ئەمەش توانای تارانی بۆ هەڕەشەکردن لە گەرووی هورمز بە تەواوی لاواز کردووە، سێنتکۆم ئاماژەی بەوەشکردووە، هێرشەکان تەنها کەرتی دەریایییان نەگرتووەتەوە، بەڵکو ژێرخانی سەربازی، کارگەکانی چەک، و تواناکانی درۆن و مووشەکیشیان کردووەتە ئامانج.

لەلایەکی دیکەوە، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، زۆربەی ئامانجە سەربازییەکانیان لە ئێران پێکاوە و گوتی: "سەرۆک ترەمپ روون بووە لەوەی کە نامانەوێت بۆ ماوەیەکی درێژ لە ئێران بمێنینەوە و بەم زووانە دەکشێینەوە"، ڤانس ئاماژەی بەوەش کرد، ئامانجی سەرەکی بێلایەنکردنی ئێران بووە بۆ ماوەیەکی زۆر و دڵنیابوونەوە لەوەی نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

سەبارەت بە توانای مووشەکیی ئێران، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، "تەنها ژمارەیەکی زۆر کەم مووشەک لای ئێران ماوەتەوە.

 بەڵام ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە بڵاوی کردەوە، ئەمریکا تەنها دەتوانێت تێکشکاندنی یەک لەسەر سێی کۆگای مووشەکیی ئێران پشتڕاست بکاتەوە و پێدەچێت بڕێکی زۆر چەک لە بنکە ژێرزەمینییەکاندا مابنەوە.

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە ئێران لە کاردانەوەیەکدا، بە مووشەکی فوور مەودا بنکەیەکی سەربازی ئەمریکای لە دوورگەی دیێگۆ گارسیا لە زەریای هیندی کردە ئامانج، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ مانەوەی هەندێک لە توانای هێرشبەریی تاران لە ناوچەکەدا.