سێنتکۆم: پێنتاگۆن تاوتوێی بژاردەی سەربازی دەکات بۆ سەر ئێران
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، کەشتیی جەنگیی "یو ئێس ئێس تریپۆلی" گەیشتووەتە ئاوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە نزیکەی 3500 دەریاوان و سەربازی هێزی مارێنزی هەڵگرتووە، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم هەنگاوە وەک هەوڵێک بۆ بەهێزکردنی هەبوونی سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەبینرێت.
شەممە 28ـی ئاداری 2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" ئاماژەی بەوە کردووە، کەشتییەکە لە 27ـی ئادار دا گەیشتووەتە ناوچەی بەرپرسیارێتیی ئەوان، باسی لەوەشکردووە، ئەم بڵاوەپێکردنە لە کاتێکدایە پێنتاگۆن خەریکی تاوتوێکردنی بژاردە سەربازییەکانە لە ئەگەری هەر پەرەسەندنێکی زیاتری جەنگ لەگەڵ ئێران.
پێشتر ئاژانسی هەواڵی "سی ئێن ئێن" ئاشکرای کردبوو، پێنتاگۆن پلانی هەیە یەکەیەکی گەڕان و هەواڵگریی مارێنز لە ناوچەکە جێگیر بکات، ئاماژەی بەوەشکردبوو، ئەم جۆرە یەکانە بۆ چەندین ئەرکی جیاواز بەکاردەهێنرێن، لەوانە:
1- ئۆپەراسیۆنی چۆڵکردنی بەکۆمەڵ لە کاتی تەنگانەدا.
2- ئۆپەراسیۆنە وشکانی و دەریایییەکان (دابەزینی هێز لە کەشتییەوە بۆ کەناراوەکان).
3- ئەنجامدانی هێرشی زەمینی و ئاسمانی.
4- ئۆپەراسیۆنی تایبەت کە مەشق و راهێنانی باڵایان لەسەر کردووە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە "سی ئێن ئێن"ـی راگەیاندووە، ئامادەبوونی ئەم هێزە بژاردەی زیاتر دەداتە دەست فەرماندە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمەڵێک سیناریۆی جۆراوجۆر و ئەگەرەکانی داهاتوو لە ناوچەکەدا.