عەباس عێراقچی هیوای تەندروستی و سەلامەتی بۆ نێچیرڤان بارزانی دەخوازێت
وەزیری دەرەوەی ئێران، هێرشی سەر ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرکۆنە دەکات و بە "کردەوەیەکی تیرۆریستی" ناوی دەبات.
شەممە، 28ـی ئاداری 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە هۆی هێرشە درۆنییەکەی سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی بڵاو کردەوە.
عێراقچی لە پەیامەکەیدا وێڕای سەرکۆنەکردنی توندی ئەم هێرشە کە بە کردەوەیەکی تیرۆریستی ناوی برد، هیوای تەندروستی و سەلامەتی بۆ سەرۆکی هەرێم خواست.
عێراقچی هۆشداری دا، "کە ئەم هێرشانە رەنگە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بن، کە ئامانج لێیان تێکدانی پەیوەندییەکان و دروستکردنی ئاڵۆزیی نێوان وڵاتانە".
وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆتایی پەیامەکەیدا دووپاتی کردەوە، کە تاران هەر جۆرە هێرشێک بۆ سەر سەقامگیری و کەسایەتییە نیشتمانییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق رەت دەکاتەوە و بە هەوڵێک بۆ ناسەقامگیرکردنی تەواوی ناوچەکەی دادەنێت.