تەلەگراف: ترەمپ لە ئەوروپییەکان نائومێد بووە و هێزەکانی لە ئەڵمانیا دەکشێنێتەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، جارێکی دیکە پرسی کشانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە ئەڵمانیا و داڕشتنەوەی بنەماکانی هاوپەیمانی ناتۆ دەوروژێنێتەوە، ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە هاوپەیمانە ئەوروپییەکان داواکارییەکی واشنتنیان رەتکردەوە بۆ ناردنی کەشتیی جەنگی بۆ پاراستنی گەرووی هورمز لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ئێران.

شەممە 28ـی ئاداری 2026، بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی دەیلی تێلێگراف، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بیر لە مۆدێلێکی نوێ دەکاتەوە کە تێیدا تەنیا ئەو وڵاتانەی 5%ـی کۆی بەرهەمی نیشتمانییان بۆ کاروباری بەرگری خەرج دەکەن، مافی دەنگدانیان لە بڕیارە چارەنووسسازەکانی ناتۆدا هەبێت، ئەوانەی ئەو مەرجە جێبەجێ ناکەن، لە بڕیاردان لەسەر فراوانبوونی هاوپەیمانییەکە و چالاککردنی ماددەی پێنجەمی تایبەت بە بەرگری هاوبەش بێبەش دەکرێن.

سەرچاوە نزیکەکان لە کۆشکی سپی دەڵێن:" ترەمپ لە ئەوروپییەکان نائومێد بووە، ئەو ئێستا بە جددی تاوتوێی کشانەوەی هێزە ئەمریکییەکان لە ئەڵمانیا دەکات، ئەمەش وەکو سزایەک بۆ کەمتەرخەمییان لە خەرجییە سەربازییەکان و هاوکاری نەکردنی ئەمریکا لە کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

سەرەڕای ئەوەی بەریتانیا گەیشتووەتە ئاستی 2%ـی خەرجییەکان، بەڵام ترەمپ هێشتا لە حکوومەتەکەی کییەر ستارمر ناڕازییە، بەتایبەت دوای ئەوەی لەندەن رێگری کرد لە بەکارهێنانی بنکەی سەربازی دیێگۆ گارسیا بۆ هێرشکردنە سەر ئێران، سەرچاوەکان دەڵێن واشنتن وا هەست دەکات بەریتانیا چیتر هاوپەیمانێکی جێی متمانە نییە.

وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پێنتاگۆن) کۆنگرێسی ئاگادار کردووەتەوە کە نزیکەی 750 ملیۆن دۆلار لەو بەرنامانەی کە پاڵپشتی ناتۆ دەکەن دەبڕێت و دەیانگوازێتەوە بۆ پڕکردنەوەی جبەخانە ئەتۆمی و سەربازییەکانی ئەمریکا و ناردنی چەک بۆ کیێڤ.

هاوکات دۆناڵد ترەمپ لە کۆبوونەوەیەکی حکوومەتەکەیدا بە راشکاوی گوتی: "ئەمە تاقیکردنەوەیەک بوو بۆ ناتۆ و ئێوە تێیدا دەرنەچوون، چەند مانگێکی دیکە ئەم قسانەم بیر دێتەوە، ئێمە هیچ شتێک لەبیر ناکەین".

ئەم ئاڵۆزییانە لە کاتێکدایە کە بڕیارە لە کۆتایی ئەمساڵدا لووتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە بەڕێوەبچێت، پێشبینی دەکرێت تیایدا فشارەکان بۆ بەرزکردنەوەی خەرجییە سەربازییەکان بۆ 5% ببنە سەنتەری گفتوگۆکان.