ناتانیاهۆ: ناوچەی ئارام لە لوبنان فراوانتر دەکەین

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ڕایگەیاند فەرمانی بە سوپا کردووە ناوچەی ئارام لە باشووری لوبنان فراوانتر بکەن. ئامانج لەم هەنگاوە دوورخستنەوەی هەمیشەیی مەترسیی هێرشەکانی حزبوڵڵا و پاراستنی ناوچە سنوورییەکانی باکووری ئیسرائیلە لە مووشەکی دژەتانک.

ئەمڕۆ یەکشەممە 29ـی ئاداری 2026، بنیامین ناتانیاهۆ لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ئاشکرای کرد، کە لە دوایین هەڵسەنگاندنی ئەمنیدا لەگەڵ یسرائیل کاتز وەزیری بەرگری و ئەیال زامیر سەرۆکی ئەرکانی سوپا، بڕیاریان داوە مەودای ئۆپەراسیۆنە زەمینییەکان لە ناو خاکی لوبنان زیاد بکەن.

ناتانیاهۆ گوتی: "ئامانجمان لە فراوانکردنی ناوچەی دابڕاو ئەوەیە کە مەترسیی هێرشەکانی حزبوڵڵا بە تەواوی کۆنترۆڵ بکەین و ڕێگری بکەین لەوەی جارێکی دیکە لەسەر سنوورەکانمانەوە مووشەک ئاراستەی شارۆچکەکانمان بکرێت."

ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە وەزیری بەرگریی ئیسرائیل پێشتر ڕایگەیاندبوو، سوپا پلانی هەیە ناوچەیەکی ئەمنیی بەرفراوان تاوەکوو کەناراوەکانی ڕووباری لیتانی دروست بکات. لە چوارچێوەی ئەم ستراتیژییەدا، ئیسرائیل زۆربەی ئەو پرد و ڕێگایانەی تێکشکاندووە کە دەوترێت حزبوڵڵا بۆ گواستنەوەی چەک و چەکدارەکانی بەکاریان دەهێنێت.

لە سەرەتای مانگی ئادارەوە، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە باکوور چڕتر بوونەتەوە و هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر ژێرخانی سەربازیی حزبوڵڵا بەردەوامن. هاوکات، سوپای ئیسرائیل هۆشداریی بەپەلەی ئاراستەی دانیشتووانی گوندەکانی باشووری لوبنان کردووە کە ناوچەکانیان چۆڵ بکەن، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ قۆناغێکی نوێ و فراوانتر لە شەڕی زەمینی لەو ناوچەیەدا دەبینرێت.