سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق: بەئامانجگرتنی ماڵی نێچیرڤان بارزانی پەرەسەندنێکی مەترسیدارە
سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و دامەزراوە مەدەنییەکانی پارێزگای دهۆکی کرد. پەرلەمان هۆشداری دەدات کە ئەم جۆرە پەلامارانە وڵات بەرەو ناسەقامگیرییەکی ئەمنی و سیاسیی ترسناک پەلکێش دەکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 29ـی ئاداری 2026، سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا هەڵوێستی خۆی بەرانبەر بەئامانجگرتنی ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و چەند دامەزراوەیەکی حکوومی و مەدەنی لە هەرێمی کوردستان و دهۆک راگەیاند. لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئەم پەلامارانە پەرەسەندنێکی مەترسیداری ئەمنییە و کارێکی بەتەواوی سەرکۆنەکراوە، کە بە هیچ جۆرێک لە بەرژەوەندیی باڵای وڵاتدا نییە."
سەرۆکایەتی پەرلەمان جەختی کردەوە، پێویستە دەستبەجێ سنوورێک بۆ ئەم جۆرە پێشێلکارییانە دابنرێت و رایگەیاند، داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین رێوشوێنی پێویست و یاسایی بگرنەبەر بۆ بەرگرتن لە پەلکێشکردنی عێراق بەرەو ناسەقامگیرییەکی ئەمنی و سیاسیی ترسناک کە هەڕەشە لە ئایندەی وڵات دەکات.