کوەیت: لە هێرشێکی ئێران بۆ سەر وێستگەیەکی کارەبا و ئاو کارمەندێک گیانی لەدەستدا

وەزارەتی کارەبا و ئاو و وزەی نوێبووەوەی دەوڵەتی کوەیت، رایگەیاند، یەکێک لە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و شیرینکردنی ئاوی وڵاتەکە کەوتووەتە بەر هێرشێکی دەستدرێژکارانەی ئێران و بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستداوە. 

دووشەممە 30ـی ئاداری 2026، ئەندازیار فاتیمە عەباس جەوهەر حەیات، گوتەنێژی فەرمیی وەزارەتی کارەبا و ئاو و وزەی نوێبوەوەی کوەیت رایگەیاند، بەهۆی هێرشێکی ئێرانەوە باڵەخانەیەکی خزمەتگوزاری لەناو وێستگەکەدا زیانی زۆری بەرکەوتووە و کارمەندێکی وێستگەکە کە رەگەزنامەی هیندییە، گیانی لەدەستداوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، تیمە تەکنیکییەکان و تیمەکانی فریاکەوتن دەستبەجێ بەپێی پلانە نائاساییەکان دەستیان بە کارەکانیان کردووە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ لێکەوتەکانی رووداوەکە. 

جەختیشی کردەوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە ئەمنییەکان، کار دەکرێت بۆ پاراستنی شوێنە زیانلێکەوتووەکان و دڵنیابوونەوە لە بەردەوامیی کارکردنی وێستگەکە بە کاراییەکی بەرز.

وەزارەتی کارەبای کوەیت داوای لە هاووڵاتیان کردووە، ئارام بن و نەکەونە ژێر کاریگەریی دەنگۆکان، تەنیا زانیارییەکان لە سەرچاوە فەرمییەکانەوە وەربگرن، هەروەها جەختی لەوەشکردووەتەوە، پاراستنی سەقامگیریی سیستەمی کارەبا و ئاوی وڵات لە پێشینەی کارەکانیانە و تیمەکان بە شەو و رۆژ کار دەکەن بۆ ئەوەی هیچ پچڕانێک لە خزمەتگوزارییە سەرەکییەکاندا ڕوونەدات.