ترەمپ: خواستی من دەست بەسەرداگرتنی نەوتی ئێرانە
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکی نوێدا رایگەیاند، خواستی ئەوەی هەیە دەست بەسەر نەوتی ئێراندا بگرێت و ئەگەر هەیە هێزەکانی ئەمریکا دوورگەی خارگ، کە ناوەندی سەرەکی هەناردەی نەوتی ئێرانە، کۆنترۆڵ بکەن.
دووشەممە 30ـی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ فاینانشاڵ تایمز گوتی: باشترین بژاردە لای من ئەوەیە کە دەست بەسەر نەوتی ئێراندا بگرم، بەڵام هەندێک کەسی گەمژە لە ناوخۆی ئەمریکا دەپرسن بۆچی ئەوە دەکەیت؟ ترەمپ ئەم هەنگاوەی بە بارودۆخی ڤەنزوێلا چواند کە واشنتن دەیەوێت بە تەواوی کۆنترۆڵی کەرتی نەوتەکەی بکات.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، گرتنی دوورگەی خارگ بژاردەیەکی کراوەیە و پێی وایە کارێکی ئاسانە، چونکە بە گوتەی ئەو "ئێرانییەکان هیچ بەرگرییەکیان لەو ناوچەیەدا نەماوە".
ئەم لێدوانانە لەکاتێکدایە، جەنگی نێوان ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێران، ناوچەکەی تووشی قەیرانێکی گەورە کردووە و نرخی نەوتی برێنت گەیشتووەتە سەرووی 115 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
لە لایەکی دیکەوە پێنتاگۆن فەرمانی بە جوڵاندنی 10 هەزار سەربازی دیکە کردووە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە بەشێکیان هێزەکانی "مارینز" و فیرقەی 82ـی هێزەکانی ئەمریکایە کە مەشقپێکراون بۆ داگیرکردن و مانەوە لەسەر زەوی.
ترەمپ ئاماژەی بە هێرشەکەی سەر بنکەیەکی ئاسمانی لە سعودیە کرد کە بەهۆیەوە 12 سەربازی ئەمریکی بریندار بوون و زیانێکی زۆر بەر فڕۆکەیەکی چاودێریی پێشکەوتووی ئەمریکی (E-3 Sentry) کەوتووە، هەروەها گوتی،" حوسییەکان موشەکیان گرتووەتە ئیسرائیل ئەمەش نیشانەی فراوانبوونی جەنگەکەیە.
سەرەڕای هەڕەشەکان، ترەمپ ئاشکرای کرد، گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ لە رێگەی نێردراوەکانی پاکستانەوە بەردەوامە، هاوکات ترەمپ وادەی 6ـی نیسانی بۆ ئێران دیاریکردووە تاوەکو رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە ئیمزا بکات، ئەگەرنا رووبەڕووی هێرشی زیاتر دەبنەوە، گوتیشی ئێران 20 کەشتی نەوتی پاکستانی وەک دیارییەک رێگەداوە بە گەرووی هورمزدا تێپەڕن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ گوتی، لە ئێراندا گۆڕینی رژێم روویداوە، چونکە بە گوتەی ئەو عەلی خامنەیی، رێبەری باڵا و زۆرێک لە بەرپرسانی دیکە لە سەرەتای جەنگەکەدا کوژراون.
سەبارەت بە موجتەبا خامنەیی کوڕی رێبەری پێشووی ئێرانیش، گوتی: "یان کوژراوە یان برینەکەی زۆر سەختە، بە تەواوی بێدەنگ بووە و دیار نەماوە".