سعودیە تێکشکاندنی پێنج موشەکی بالیستی و چەندین درۆنی ئێرانی راگەیاند
وەزارەتی بەرگری عەرەبستانی سعودیە، رایگەیاند، هێزەکانیان توانیویانە پێنج موشەکی بالیستی بەرپەرچ بدەنەوە و تێکبشکێنن کە ئاراستەی ناوچەی رۆژهەڵاتی وڵاتەکە کرابوون.
دووشەممە 30ـی ئاداری 2026، لیوا روکن تورکی ئەلمالیکی، گوتەبێژی فەرمیی وەزارەتی بەرگری سعودیە ئاشکرای کرد، سیستەمە بەرگرییەکان پێنج موشەکی بالیستییان لە ئاسمانی ناوچەی رۆژهەڵات دەستنیشان کردووە و تێکیان شکاندوون.
هەروەها وەزارەتی بەرگری ئاماژەی بەوەش کردووە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ موشەکێکی جۆری "طواف"یان تێکشکاندووە کە بەرەو هەمان ناوچە ئاراستە کرابوو، ئەمە جگە لەوەی رۆژی یەکشەممە سعودیە رایگەیاندبوو، 10 درۆنیان لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا تێکشکاندووە.ئەم پەرەسەندنە سەربازییانە لە کاتێکدایە، هەفتەی رابردوو سعودیە بە فەرمی بە پاشکۆی سەربازی و یاریدەدەرەکەی و سێ کارمەندی باڵیۆزخانەی ئێرانی راگەیاندبوو، دەبێت خاکەکەی جێبهێڵن و وەکو کەسانی نەخوازراو ناوی بردوون، ئەمەش نیشانەی گەیشتنی گرژییەکانی نێوان تاران و ریازە بۆ ئاستێکی مەترسیدار.