بازاڕەکانی جیهان بەهۆی جەنگەوە زیاتر لە 11 ترلیۆن دۆلار زیانیان بەرکەوتووە
بەهۆی هەڵکشانی گرژییە سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران، بازاڕە داراییەکانی جیهان تووشی شۆکێکی گەورە بوون و لە ماوەی یەک مانگدا بڕی 11.5 تریلیۆن دۆلار لە بەهای پشکەکان کەم بووەتەوە.
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی "یەنی شەفەق"ی تورکی، لەو کاتەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ـی شوباتدا هێرشە سەربازییەکانیان بۆ سەر ئێران دەستپێکردووە، بازاڕی پشکەکان بە رێژەیەکی بەرچاو دابەزیون، ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن نرخی نەوت بە رێژەی %45 بەرزبووەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی شۆکێکی وزە کە لە مێژوودا هاوشێوەی نەبووە.
هەروەها پێوەرەکانی "بلومبێرگ" بۆ بەهای بازاڕی پشک لە جیهاندا، لە 157.5 تریلیۆن دۆلارەوە بۆ 146 تریلیۆن دۆلار دابەزیوە، هەروەها ئەم دابەزینە گەورەیە تەنیا لە ماوەی چوار هەفتەی رابردوودا تۆمار کراوە.
شارەزایان ئاماژە بەوە دەدەن، بەهۆی فراوانبوونی ململانێ ناوچەییەکان و نادیاریی دۆخی سیاسی، وەبەرهێنەران پەنایان بۆ کڕینی کاڵا کەم مەترسییەکان بردووە و لەو پشکانە دوورکەوتوونەتەوە کە ئەگەری زیانی گەورەیان لێ دەکرێت.