دوو یاریزانی بارسێلۆنا لە پێکان رزگاریان بوو
ئەمڕۆ دووشەممە رێکەوتی 30ـی ئاداری 2026 بە ئامادەبوونی بەشێک لە یاریزانەکانی یانەی بارسێلۆنا، ئامادەکارییەکانی ئەو یانەیە بۆ یارییە گرنگ و چارەنوسازەکەی گەڕی داهاتووی لالیگا دەستی پێکرد.
دوای کۆتایی هاتنی یارییە نێودەوڵەتیەکان و دەستپێکردنەوەی خولی نێوخۆییەکان، رۆژی شەممەی داهاتوو یانەی بارسێلۆنا لە گەڕی 30 خولی ئیسپانیا و لە دەرەوەی یاریگای خۆی، لە یاری لوتکەی ئەم گەڕە دەبێتە میوانی یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید.
یانەکەی هەرێمی کەتەلۆنیا کۆمەڵێک لە یاریزانەکانی بەهۆی پەیوەندی کردن بە هەڵبژاردەکانیانەوە، لەگەڵ یانەکەیان نین و بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوو و دوای کۆتایی هاتنی یارییە نێودەوڵەتیەکان، ئەوانیش بگەڕێنەوە و بەشداری ئامادەکارییەکانی یانەکەیان بۆ یارییەکەی بەرامبەر یانە مەدریدییەکە بکەن.
ئەمڕۆ دوای چوار رۆژ پشوو وەرگرتن ئەو یاریزانانەی کە بانگهێشتی هەڵبژاردەکانیان نەکراون، بەشداری ئامادەکاری یانەی بارسێلۆنایان کرد و هەروەها هەر یەکە لە جول کوندێ و ئالێخاندرۆ باڵدێ، هەردوو بەرگریکاری باڵی یانەکەش دوای چاکبونەوە لە پێکان، گەڕانەوە و بەشداری راهێنانە بە کۆمەڵەکانی یانەکەیان کرد.
ەلایەکی دیکەوە فرانک دی یۆنگ ناوەڕاستکاری هۆڵەندی یانەکەش، ئەو یاریزانەش کە ماوەیەکی زۆر بوو بەهۆی پێکان لە یاریگاکان دابڕا بوو، ئەو یاریزانەش بەشداری بەشێک لە راهێنانەکانی یانەکەی کرد، بەڵام دواتر بە تەنهایی و لە هۆڵی وەرزشی ئامادەکاری کرد، بۆیە ئەستەمە ئەو یاریزانە بۆ یارییەکە ئامادەبێت.
بارسێلۆنا شەممەی داهاتوو کاتژمێر 22 بە کاتی هەولێر لە دەرەوەی یاریگای خۆی لە گەڕی 30 لالیگا دەبێتە میوانی ئاتلێتیکۆ مەدرید، پاشان هەردوو یانە دوای چوار رۆژ لە یاری چوونی قۆناغی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، لە هەمان یاریگا واتە یاریگا میترۆپۆلیتانۆی تایبەت بە ئاتلێتیکۆ مەدرید رووبەڕووی یەکتری دەبنەوە.