زانکۆی سۆران: خاوەنی ژێرخانێکی دیجیتاڵیی بەهێزین بۆ پڕۆسەی خوێندن
زانکۆی سۆران ئامادەکاری بۆ خوێندنی ئەلیکترۆنی کردووە و راگەیاندنی زانکۆکەش دەڵێت: پێشتر ئەزموونمان لەگەڵی هەبووە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 30ـی ئاداری 2026، رێبەر عەبدوڵغەفار، بەرپرسی راگەیاندنی زانکۆی سۆران، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: پێشوەختە ئامادەکاریمان بۆ پرۆسەی خوێندنی دیجیتاڵی کردبوو و هیچ گرفتێکمان بۆ دروستنەبووە.
بەرپرسی راگەیاندنی زانکۆی سۆران گوتیشی: زانکۆی سۆران پۆرتاڵی تایبەت بەخۆی هەیە، هەروەها لە رێگەی سیتەمێکەوە تەواوی وانەکانی مامۆستایان لەناوی تۆمار دەکرێن و قوتابییان دەتوانن بەبێ هیج گرفتێک سوودی لی وەرگرن.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا، سیستەمی ئامادەنەبوونی قوتابیان کارا دەکرێت کە هەر قوتابییەک لە هەر وانەیەک ئامادە نەبێت راستەوخۆ ناوی تۆمار دەکرێت، تەنیا ماوە دەست بە پرۆسەکە بکرێت، بۆ ئەم مەبەستە سەرۆکایەتیی زانکۆ کۆبوونەوە دەکات و وردەکاری تەواوی بە قوتابیانی دەدات.
زانكۆی سۆران له ساڵی 2009 به فهرمانی حكوومهتی ههرێمی كوردستان دامهزرا و پێکهاتووە لە : فاکەڵتیی ئاداب، پەروەردە، یاسا و زانستە سیاسییەکان و بەڕێوەبردن، زانست، ئەندازیاری، سەنتەری توێژینەوەی زانستی.
دوێنێ یەکشەممە، هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و پەروەردەی حکوومەتی هەرێم کۆبوونەوە بۆ بڕیار دان لەسەر دەستپێکردنەوە خوێندن و بڕیار درا خوێندن بەشێوەی دیجیتاڵی و ئۆنڵاین بەردەوام بێت.
هەروەها ئەمڕۆ دووشەممە، 30ـی ئاداری 2026، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بڕیاری دا پرۆسەی خوێندنی ساڵی 2025 - 2026 بە شێوازی ئۆنلاین و دیجیتاڵی تەواو بکرێت.
بۆ ئەم مەبەستە وەزارەت چەند رێکار و رێنماییەکی نوێی بۆ زانکۆ و پەیمانگەکان بڵاوکردەوە، کە لە 30/3/2026 خوێندن بەشێوەی ئۆنلاین لە سەرجەم زانکۆ و پەیمانگە حکوومی و تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان دەست پێدەکاتەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، دەسەڵات دراوە بە زانکۆکان کە بەپێی تایبەتمەندی بەشە زانستییەکان، یەکێک لە پلاتفۆرمە ستانداردە جیهانییەکان بۆ وانەوتنەوەی دیجیتاڵی بەکاربهێنن.
راشیگەیاند، پێویستە وانە ئۆنڵاینەکان لە چوارچێوەی کاتی دەوامی فەرمیدا بن و نابێت بخرێنە شەوان یان دوای کاتی فەرمی، هەروەها دەبێت تەواوی وانەکان بە شێوەی ئەلیکترۆنی لەسەر پلاتفۆرمەکان بەردەست بن.
وەزارەت باسی لەوەشکردووە، کۆلێژە پزیشکییەکان دەتوانن بۆ وانە پراکتیکییەکان بچنە ناو نەخۆشخانەکان، سەبارەت بە وانە پراکتیکییەکانی دیکەش، ئەو بەشانەی پێویستیان بە هۆڵە، چاوەڕێی هەڵسەنگاندنی دۆخی تەندروستی هەفتەکانی داهاتوو دەکرێت.
وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەوەشی خستەڕوو، زانکۆکان راسپێردراون خشتەی تاقیکردنەوەکان بە جۆرێک رێکبخەن کە قەرەباڵغی لە ناو هؤلەکانی خوێندن و بەشە ناوخۆییەکان دروست نەبێت، و رەچاوی دۆخی ئەو قوتابیانە بکرێت کە لە دەرەوەی شارەکان دەژین.