پەروەردەی هەولێر و سلێمانی رێکاری خوێندنی ئۆنلاینیان بۆ سەرجەم قوتابخانەکان راگەیاند

بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردەی هەولێر و سلێمانی، لە ژێر رۆشنایی بڕیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گۆڕینی شێوازی خوێندن، زنجیرەیەک رێکاری نوێیان بۆ پەیڕەوکردنی خوێندنی ئەلیکترۆنی و ئۆنلاین لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن بڵاوکردەوە

ئەمڕۆ دووشەممە 30ـی ئاداری 2026، بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە لە هەولێر و سلێمانی، لە دوو نووسراوی جیادا کە ئاراستەی سەرجەم پەروەردەی قەزاکانیان کردووە، رێنمایی تایبەت بە خوێندنی ئۆنلاینیان بۆ ئەم قۆناغە دیاریکرد.

بەپێی نووسراوەکان، پڕۆسەی خوێندن لە ناو پۆلەکاندا راگیراوە و رێکارەکان بەم شێوەیەی خوارەوە دەبن:

1- سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی رۆژانی سێشەممە بەپێی خشتەی سەردانی خۆیان، سەردانی ناوەندەکانی خوێندن لە سنووری دەسەڵاتی خۆیان بەسەر دەبەنەوە بەمەبەستی هەماهەنگی و بەدواداچوون.

2- دەستەی کارگێڕی قوتابخانەکان رۆژانی (سێشەممە) دەوام دەکەن لە قوتابخانەکان بەمەبەستی راییکردنی ئەرکە کارگێڕی و فێرکارییەکان.

3- بەهەماهەنگی تەلەفزیۆنی پەروەردەیی، وانەکان بەپێی پێویست تۆمار دەکرێن و بەپێی خشتەیەکی دیاریکراو پەخش دەکرێن، رۆژانە بەپێی پارێزگاکان.

4- پێویستە سەرجەم بەڕێوەبەری ناوەندەکانی خوێندن راستەوخۆ سەرپەرشتی کارەکانی مامۆستایانی خوێندنی حکوومی بکەن و چاودێری ئەرکی ماڵەوەیان بکەن بە هەماهەنگی سەرپەرشتیاری پەروەردەیی، لەڕێگەی ئەو گرووپانەی کە داندراوە لە لایەن مامۆستایانەوە یاخود لە رێگەی پلاتفۆرمی (ئی-وانە).

5- ناوەندە پیشەییەکان دەتوانن ڤیدیۆ تۆمار بکەن و بیدەنە کارگێڕی قوتابخانەکان و دابندرێت لە یەکێک لە گرووپەکانی (واتسئەپ، تێلیگرام، یان فایبەر) کە لەلایەن مامۆستایان و قوتابییان بەکار دەهێنرێت.

6- مامۆستایان هەفتانە ئاگاداری بەڕێوەبەری قوتابخانەکان دەکەن بۆ پێدانی فیدباکی خوێندنی ئۆنلاین.

ئەم بڕیارانەی پەروەردە دوای ئەوە دێن کە بەهۆی بارودۆخی ئێستای ناوچەکە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا خوێندنی ناو پۆل رابگرێت و سیستەمی ئۆنلاین وەک جێگرە بۆ تەواوکردنی پڕۆگرامی خوێندنی ئەمساڵ پەیڕەو بکات.